وەزیری پەروەردە لە جنێڤه‌وه‌: داواكراوه‌ ئەزموونی تێکەڵکردنی قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان و په‌نابه‌ران بگەیەنینە وڵاتان

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە

K24 – هەولێر:

وەزیری پەروەردە و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووەم کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران لە جنێڤی پایتەختی سویسرا دووپاتی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی تێکەڵکردنی قوتابیانی پەنابەر لەگەڵ قوتابیانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا هەمووان هاوکار و پشتیوان بن بۆ سەرخستن و بەردەوامی ئەو سیاسەت و ئەزموونە سەرکەوتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ( 13 ی کانوونی یەکەمی 2023). ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووەم کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران لە جنێڤی پایتەختی سویسرا، به‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، پێشتر لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردستان24 ئاماژەی بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو و ناوازەی کردووە لەبواری سیاسەتی تێکەڵکردنی قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان و په‌نابه‌ران، لەبەر ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەت کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین رێکخراوی دیکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناوخۆییەکان ، درافتێکیان لە دێسێمبەری 2022 داڕشتووە و لە سێپتێمبەری 2022 سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پشتیوانی کرد، ئەویش  سیاسەتی تێکەڵکردنی قوتابی پەنابەر بوو بە قوتابخانەکانی خانەخوێ.

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، ئەو سیاسەتە لە پارساڵەوە لە قۆناغەکانی بنەڕەتی لە یەکەم تا چوارەم چووه‌ته‌ بواری جێبەجێکردن، ئەمساڵیش بۆ پۆلی پێنجه‌می بنەڕەتی جێبەجێدەکرێت، گوتیشی: وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بوونی 270 هەزار پەنابەر کرد لە هەرێمی کوردستان کە دەکاتە 91%ی ئەو پەنابەرانەی لە عێراقدا دەژین، وەزیری پەروەردە دووپاتیکردەوە کە، بەپێی پەسندکردنی سیاسەتی تێکەڵکردن لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا پەنجا هەزار قوتابی سوری لە ناوەندەکانی خانەخۆیی خوێندن، تێکەڵ بە منداڵانی هەرێمی کوردستان کراون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەشێک لەو پەنابەرانەی بڕوانامەی باڵایان هەیە، لە هەنگاوی یەکەم 500  یان، لە هەنگاوی دووەمیش 1200 یان لەو قوتابخانانەی هی پەنابەرانن، لەلای خۆمان وەک مامۆستا وانە بڵێنەوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بانگهێشتی ئەو کۆڕبەند کراون بۆ ئەوەی ئەزموونی تێکەڵکردن نیشانی هەموو لایەک بدەن کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی کردووە بۆ مافی پەنابەران.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە راگەیاندنی جیهانی بۆ مافی پەنابەران کرد لە  17 ی دیسێمبەری 2018  کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کراوە و چوار تەوەری سەرەکی لەخۆ گرتووە، گوتی: ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەسەر چوار تەوەرەکە کارمان کردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان کاری کردووە.

بۆیە ئەمڕۆ ئەو دەرفەتەمان پێدرا باسی ئەو سیاسەتی تێکەڵکردنە بکەین لە قوتابخانەکانی خانەخوێ، ئەو ئەزموونەش بۆ هەمووان ناوازە بوو، بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەشمان بەوە کرد کە ئەو سیاسەتە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

گوتیشی: راگەیاندنی جیهانی بۆ مافی پەنابەران لە  17 ی دیسێمبەری 2018 ،  ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکات کە هاوکاریکردنی پەنابەران پێویستی بە کۆمەکی نێودەوڵەتیە، نەوەک ئەرکەکە بەجێبهێلدرێت بۆ دەوڵەتی میواندار، بەڵکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەیەکەوە ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ.

ئالان حەمە سەعید دەڵێ: ئەو کۆڕبەندە بۆ ئەوەیە بەشێوەیەکی عەقڵانی ئیدارەی قەیرانەکان بکرێت  لەبارەی مافی پەنابەران، وڵاتان پابەندی خۆیان دووپاتکردەوە سەبارەت بە مافی پەنابەران و، هاوکاری ئەو وڵاتانەشی کە بوونەتە میواندار بۆ پەنابەرەکان، بەتایبەت لەو وڵاتانەی تەنگژەی قوڵ هەیە.

گوتی: لە کۆڕبەندەکە، دووپاتمان لە سیاسەتی تێکەڵکردن کردەوە، دواشمان کرد هاوکارمان بن لە هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتیە بۆ ئەوەی خوێندنێکی باشتر بۆ پەنابەران دابین بکەین.

کارزان حەیدەر