حکومەت کارکردن بە رێنماییەکی تایبەت بە رێکخستنی کاری میدیایی رادەگرێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاریدا کارکردن بە رێنمایی ژمارە 1ی  وەزارەتی رۆشنبیری تایبەت بە رێکخستنی کاری میدیایی لە ھەرێمی کوردستان رابگرێت، لیژنەیەکیش بۆ ھەموارکردنەوەی رێنماییەکان و دەرکردنی رێنمایی نوێ پێکھێنراوە.

رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنن بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ فراوانکردنی ئازادی کاری میدیایی گرنگە، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش داوا دەکات پێداچوونەوە بە رێنماییەکان بکرێت.

ئازاد محەمەد ئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە پێشتر پلانێکمان هەبوو دابوومان بە پەرلەمان، تا هاوکارمان بن کاتێک پەرلەمان کارا کرایەوە کار لەسەر ئەم پلانە بکرێت".

گوتیشی: "رێنمایی هەرگیز نابێتە جێگرەوەی یاسا، بۆیە دەبێ پەنا ببەین بۆ یاسا، ئەوەی یاسایەی کە لەبارەی کاری راگەیاندن هەیە هەمووی بکرێت بە یەک پاکێج، بەتایبەتی میدیایی ئەلیکترۆنیشی بێتە سەر".

بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، کارکردن بە رێنمایی ژمارە یەکی  ساڵی2023ی تایبەت بە کاری میدیایی لە ھەرێمی کوردستان راگیرا، کە رێنمایەکان تێبینی ژمارەیەک زۆر لە رۆژنامەنووسان و دەزگا و رێکراوەکانی لەسەر بوو، رۆژنامەنوسان بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بە گرنگ دەزانن کە دەرفەت دەدات بە فراوانکردنی  ئازادیی بیروڕا لە ھەرێمی کوردستان.