لەدایکبوونی منداڵی نەبەکام لە سلێمانی لەزیادبوونە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایدەگەیەنێت: ئامارەكانی لە دایكبوونی منداڵانی نەبەكام لە پارێزگای سلێمانی ساڵ بەساڵ  روولە زیادبوونە، لەگەڵ ئەوەی دوو بەش لە ناو نەخۆشخانەی منداڵبوون و نەخۆخشانەی د جەمال ئەحمەد رەشید، تایبەت كراون بە منداڵانی نەبەكام، هەروەها بەشێك لەو منداڵانەی بە نەبەكامی لە دایكبوون هۆكارەکەی بۆ بڕیاری دایك و باوكەکانیان دەگەڕێتەوە.

فێنك عوسمان، یەکێکە لە پەرستارەکانی نەخۆشخانەی لە دایکبوون لە سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "زیاتر ئەو منداڵانەی بەبەکامی لە دایک دەبن لە بەروارە جوانەکان رێژەکە زیاترە، ئەمەش بەهۆی دیاریکردنی بەراوارەکە، بەڵام ئەمە کێشە بۆ تەندروستی منداڵ دروست دەکات".

ئەو پەرستارە داواشی لە دایک و باوکان کرد، بەهۆی دیاریکردنی بەرواری جوان بۆ لەدایکبوون تەندروستی منداڵەکانیان نەخەنە مەترسییەوە.

منداڵانی نەبەكام، ئەو منداڵانەن كە پێش كاتی خۆیان و بەر لە تەمەنی 37 هەفتە لە دایك دەبن، بەپێی زانیارییە پزیشكیەكان دەكرێت زۆر گرفتی تەندروستی رووبەڕووی ئەو منداڵانە ببێتەوە، لەوانە تووشبوون بە هەوكردنی خوێن، خوێنبەربوونی مێشك، كێشەی شیرخواردن، هەناسەتووندی و تووشبوون بە شەكرە.

لە پارێزگای سلێمانی رێژەی منداڵانی نەبەكام ساڵ بە ساڵ زیاتردەبێت، هاوكات بەراورد بە پارێزگاكانی عێراق زۆرترین رێژەی ژیانەوەی منداڵانی نەبەكام لە سلێمانیدا دەكرێت.

پشدەر عەبدوڵڵا، پزیشكی پسپۆڕی  نەخۆشییەكانی منداڵان، دەڵێت: "لە ماوەی رابردوودا دوو یەکەی گەورەی تایبەت بە منداڵانی نەبەكام لە سلێمانی دروستکران، ئەگەر وا نەبووایە ئێستا کێشەی زۆرمان بۆ دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر رێژەی منداڵی نەبەکام لە زیادبوون دابێت، ئەم دوو یەکەیەش دەرەقەتە نایەت و ئامارەکان مەترسیدارتر دەبن".

گوتیشی: "گرنگە دایک و باوکان پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بن، بەتایبەتی ئەو رێنماییانەی پزیشکی پسپۆڕ ژنان و منداڵان کە دەیدەن بە دایکان، هەروەها لێبگەڕێن ئەو منداڵە بە ئاسایی و لەکاتی خۆی لە دایک ببێت".