هۆشداری دەدرێت لە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی عێراق هۆشدارییان دا لە مەترسییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران، لە بەردەوامبوون لە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، لەگەڵ ئەوەی حکومەت پابەند نەبێت بە بەڵێنەکانی بۆ راگرتنی ئەم کارە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنجامدا.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوودانی دڵنیایی دایە بلینکن لە پابەندبوونی عێراق بە پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماتەکان و راوێژکارەکان، هاوکات جەختی لەسەر توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە بەدواداچوونی ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماتەکان، بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێکی دەرەکی.

لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە کە پێویستە ئەو نوێنەرایەتییە دیپلۆماتانە و باڵیۆزخانەکان بپارێزرێن کە لە عێراق کاردەکەن، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەو گرووپانە بکەن کە لە پشت هێرشەکانەوەن.

لەمبارەیەوە، سیاسەتمەداری عێراقی ناجح ئەلمیزان گوتی، "بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی گرووپەکان لەدژی ئەمەریکییەکان کاردانەوەی جددی دەبێت، ئەمەش کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر حکومەتی عێراق، کە بەدرێژایی ئەو ماوەیە شکستی هێناوە، لە پابەندبوونی حکومەت بە بەڵێنەکانی کە دەڵێت بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بپارێزێت و جموجۆڵی گرووپە چەکدارەکان سنووردار بکات".

میزان راشیگەیاند، "ئەمەریکا هەڵوێستی دەبێت سەبارەت بە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپەکان دژی ئەوان و هەروەها شکستی بەغدا لە کۆتاییهێنان بەم هێرشەکانی ئەو گرووپانە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هەڵچونێکی ئەمەریکا لە دژی عێراق کاریگەری دەبێت لەسەر سەقامگیری بەگشتی، هەر بۆیە پێویستە سوودانی بەشێوەیەکی چارەنوسساز هەلسوکەوت لەگەڵ ئەو گرووپانە بکات.

گوتیشی: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر باش دەزانێت کە حکومەتی سوودانی حکومەتی ئەو گرووپ و لایەنانەیە کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، هەروەها نەبوونی هیچ کارێک لەلایەن حکومەتی ئێستاوە بەرامبەر بەو گرووپانە، کە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکەن ئاساییە".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد: "سوودانی ناتوانێت رووبەڕووی ئەو لایەنانە ببێتەوە، هەر بۆیە پێشبینی دەکەین کە وەڵامدانەوەی ئەمەریکا لە بەرامبەر گرووپەکان بەهێزتر بێت لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانیان، ئیدارەی ئەمەریکاش هەڵوێستی دەبێت لەبەرامبەر بەغدا بەهۆی پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانییەوە".

سەجاد سالم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، "زۆر هۆشداری و هەڕەشەی ئەمەریکییەکان هەیە، کە گەیشتووەتە سوودانی و حکومەتەکەی سەبارەت بە بەردەوامی بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندی و ئامانجە ئەمەریکییەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "سوودانی لە دۆخێکی زۆر شەرمەزارکەردایە لەبەردەم ئەمەریکییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، تا ئێستا نەیتوانیوە پابەندی بەڵێنەکانی بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، و ئەو بەڵێنانەی دەیدات.

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەر، زیاتر لە 89 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا.