لە 10 مانگدا 4 هەزار و 800 بەدواداچوون لە بازاڕەکاندا كراوە

چاودێریكردن و بەدواداچوونی بازاڕ لە ڕێگەی لیژنەكانەوە بەردەوامە
چاودێریكردن و بەدواداچوونی بازاڕ لە ڕێگەی لیژنەكانەوە بەردەوامە

K24 - هەولێر

چاودێریكردن و بەدواداچوونی بازاڕ لە ڕێگەی لیژنەكانەوە بەردەوامە و هەموو جۆرە فرۆشگە و مۆڵێكی گرتووەتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە دە مانگی پێشوودا، 70 سزای داخستن و 330 ملیۆن پێبژاردنی دارایی هەبووە."

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لیژنەی چاودێریی بازرگانی لە بازاڕەكان و مۆڵ و نانەواخانە و شوێنە خۆراكییەكان و كۆگاكان بەدواداچوونی بەردەوامی هەیە، خواردن و كاڵای ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا دەگیرێت، شوێنی هەڵگرتنی كاڵاش لەبەرچاو دەگیرێت و بە پێی ڕێنماییەكان سزای لەسەرە."

نەوزاد شێخ كامیل، لەبارەی سزاكانەوە، گوتی :"لە دە مانگی ساڵی 2023، زیاتر لە 4 هەزار و 800 بەدواداچوون بۆ بازاڕەكان كراون، 2700 سەرپێچی، 70 داخستن، 330 ملیۆن دینار پێبژاردنی دارایی هەبووە، زیاتر لە 170 تۆن خۆراكی ماوەبەسەرچووش لەناوبراون."

لەبارەی لێپێچینەوە لەسەر نرخی كاڵا، ناوبراو گوتی: "سەیری مەنەفێستی نرخی بنەڕەتیی كاڵاكانی شوێنە بازرگانییەكە دەكەین و بەراوردی نرخی فرۆشتنەكەی دەكەین. گەر زۆر زیاد بوو خاوەنكار سزا دەدرێت. چونكە نرخ چوارچێوە و سنووری خۆی هەیە؛ ئابووریی بازاڕ واتا ئازادی لە دیاریكردنی نرخ، بەڵام بە واتای ئازادی نییە لە زۆر بەرزكردنەوەی نرخدا."

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هاوكاریی هاووڵاتییانەوە بۆ بەدواداچوونی زیاتر گوتی: "هاووڵاتییان لەبارەی زۆریی نرخ و خراپیی كاڵا و بەسەرچوونیان، زۆر هاوكارن لە ئاگاداركردنەوەی لیژنەكانی چاودێریی بازرگانی، بۆیە هیوادارین بەردەوام لەسەر ئەو پرسانە لیژنەكانمان بە مەبەستی بەدواداچوون ئاگادار بكەنەوە."