مافیاكان كاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری سوید دروست دەکەن

kurdistan24.net

K24 - ستۆکهۆڵم

زۆربەی وڵاتان خۆیان بۆ ساڵی نوێ ئامادە دەکەن و لە سەرەتای ئەم مانگەوە خەریکی کڕینی دیاری و ئامادەکارین، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی ئابووری جیاوازترە لە ساڵانی رابردوو، لە سوید بەهۆی بوونی مافیاکان ژیان سەختر و ئاڵۆزتر بووە و کاریگەری لە ئابووری سوید کردووە.

ژمارەی مافیاكان لە سوید زۆربووە و كاریان پەیداکردنی پارەیە بەڕێگەیەكی نایاسایی کە پێی دەگوترێت "پارەی رەش".

محەممەد سەلیم ئۆزۆن، ئابووریناسیکی کوردە و لە سوید دەژیت، ئەو دەڵێت: "لەم 10 ساڵەی دواییدا ژمارەی مافیاکان لە سوید زۆر بووە و کاریگەری زۆری کردووەتە سەر ئابووری وڵاتە".

لە پاڵ چەند ھۆکارێكی دیکەی وەک گرانی سوتەمەنی، كە لەسەر هەموو  جومگەکانی بازاڕ كاریگەری داناوە، گرووپە مافیاکانی سویدیش بۆ خراپتر کردنی ئابووری خەڵک، یەکێکە لە  ھۆكارە سەرەكییەکان.

هیوا حاجی رەسووڵی، نووسەرێکە کوردی دانیشتووی وڵاتی سویدە بە کوردستان24ی گوت: "پارەیەکی زۆری رەش لە سوید بە دەست مافیاکانەوەیە، کاریگەری زۆری کردووەتە سەر ئابووری ئەو وڵاتە".

بەرزی هەڵاوسان و زیاد بوونی سوودی قەرزی بانک، ھۆكارێكی دیكەیە كە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان داناوە، لێکۆڵینەوەکان لە ساڵی 2023 دەریانخستووە، لەسەدا 80ی کڕین و فرۆشتن لەو وڵاتە دابەزیوە و پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی داهاتوو رێژەی داهاتی ناوخۆش کەم ببێتەوە.