روونکردنەوەیەک لەبارەی دابەشکردنی مووچە

دابەشکردنی مووچە
دابەشکردنی مووچە

K24 – هەولێر

بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەڕای پشووی فەرمی لە رۆژی 18ی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکان ئاماژەی بەوەداوە: "لەگەڵ ئەوەی رۆژی دووشەممەی داهاتوو 18/12/2023 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کراوە بەپشووی فەرمی، بەڵام دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەیان لە ئەستۆیە و خشتەی دابەشکردنی مووچە بەپێی ئەو ریزبەندییەی راگەیەنراوە وەک خۆی بەردەوام دەبێت".  

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوێنێ 13/12/2023 دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول کرد و لە یەکەم رۆژدا مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشکرا.

بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی رۆژی 21/12/2023، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بە دابەشکردنی مووچەی هەرسێ سەرۆکایەتی و خانەنشینی پێشمەرگە کۆتایی دێت.

بەهۆی دواخستنی 700 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتووە، لەکاتێکدا هێشتا حکومەتی فیدراڵی پارەی بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ تەرخان نەکردووە.