وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی راگەیاند

دابەشکردنی مووچە
دابەشکردنی مووچە

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی ئەیلوولی راگەیاند.

رۆژی سێشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی ئاشکرایکرد، سبەی چوارشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی 2023ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

بەگوێرەی خشتەکە، دابەشکردنی مووچە لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەستپێدەکات و لە ماوەی هەفتەیەکدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 12/12/2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "بڕی 250 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".

پێشتر رۆژی دووشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە شاری بەغدا گرێبەستی وەرگرتنی 200 ملیار دیناری وەک قەرز لە رێگەی بانکی رەشیدەوە واژۆ کردووە.

وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چەند رۆژی رابردووشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا سەرجەم رێکارەکان و گرێبەستی وەرگرتنی 500 ملیار دیناری لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقییەوە واژۆکردووە.

0