بەشێک لە هاووڵاتییانی بەغدا ئومێدیان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نییە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

هاووڵاتیانی عێراق لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەشێکیان لە بەغدای پایتەخت گلەیی لە خزمەتگوزاری، هەلی كار و شێوازی دەسەڵاتی بەغدا دەكەن و پێیان وایە بەو پێكھاتە سیاسییەی لە بەغدا ھەیە ھەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری دروست ناكات.

هاووڵاتییەکی بەغدا، بەناوی ئەبو سەیف، دەڵێت: "لە هەموو هەڵبژاردنێکدا دەچین بۆ دەنگدان، بەڵام دوای ئەوە هیچ شتێک لەبارەی بارودۆخی ئێمەوە ناگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەی كە زانکۆم تەواو کردووە و وەرزشوانێکی نێودەوڵەتیم، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پشتگیریم ناکرێت، مەبەستم ئەوەیە لێرە ھەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری دروست ناكەن، هەروەک هەڵبژاردنەكانی رابردوو، بۆیە بڕیارم داوە لەم هەڵبژاردنانەدا دەنگ نەدەم".

زیاتر لە 16 ملیۆن کەس لە 15 پارێزگای عێراق مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەیە، کە ماوەی 10 ساڵە لە 14 پارێزگای عێراق و 18 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا نەکراوە، بۆیە بەشێک لە هاووڵاتییان پێیانوایە بۆ گۆڕانکاری پێویستە هەمووان دەنگ بدەن.

حوسێن عەلوان، هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدایە و دەڵێ: "دەبێت بچین دەنگ بە عێراق بدەین، دەنگ بۆ شتێکی باشتر بدەین، ئومێدێکی زۆرم بەم هەڵبژاردنانە ھەیە، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی داهاتوویەکی باشترم، لە سیاسییە گەندەڵەکان بێزارم، بۆیە دەبێت بچین دەنگ بدەین، ئەگەر نەچین دەنگەکانمان دەدزرێت و بەلای كەسانی تردا دەچن، هەڵبژاردن لە هەر حاڵەتێکدا بەسوودە، ئەمە لە بەرژەوەندی ئێمەدایە و دەبێت چاومان لە داهاتوو بێت".