بەرگریی شارستانیی هەولێر: کارەبا هۆکاری زۆرینەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەیە
K24 - هەولێر
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، لەمساڵدا 1950 ڕووداوی ئاگركەوتنەوە هەبوونە كە زۆربەیان بە هۆی كارەباوە بوون.
بە هۆی هاتنی سەرما و بەكارهێنانی ئامێرە گەرمكەرەوەكان بە شێوەیەكی نائاگا و نادروست، ئەگەرەكانی ڕووداوی شۆرتی كارەبا و ئاگركەوتەوە بەرز دەبنەوە.
موقەدەم كاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت:"بە هۆی بەكارهێنانی ئامێرە كارەباییەكان بە شێوەیەكی خەمسارد و بێئاگایانە، ئەگەری ڕووداوەكانی شۆرتی كارەبا و ئاگركەوتنەوە زیاد دەكەن. لە هەمان كاتدا خراپیی كەرەستەكانی كارەبا و پێكەوەلكاندنی وایەرەكان و درێژكردنەوەیان بە شێوەیەكی نادروست، دەبێتە هۆی شۆرت و ڕووداوی ئاگركەوتنەوە."
میراودەلی ئاماژەی بەوەش کرد: "پێویستە خەڵك لە كاتی خەودا تا دەكرێت ئامێرە كارەبایی و گەرمەكەرەوەكان بەجێ نەهێڵن، چونكە لە ئەگەری هەر ڕووداوێكدا، مرۆڤ لە خەودا ئەو هۆشیارییەی نییە بە تەنگ ڕووداوەكەوە بچێت و خۆی ڕزگار بكات."
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر:"لەمساڵدا 1950 ڕووداوی جۆراوجۆری ئاگر هەبوون، كە زۆربەیان بە هۆی شۆرتی كارەباوە بوون؛ بە پێی ڕاپۆرتەكانمان، لە 40%ـی ڕووداوەكانی ئاگركەوتنەوە بە هۆی كارەباوە بووە، كەواتە پێویستە هاووڵاتییان بە تایبەت لەم وەزرەدا لە بەكارهێنانی ئامێر و كەرەستە كارەبایی و گەرمكەرەوەكان زۆر وریا بن."