بەشیر حەداد: ئەنجومەنی پارێزگاکان هۆکارە بۆ شۆڕبوونەوەی دەسەڵاتەکان

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق هۆکارێکە بۆ شۆڕبوونەوەی دەسەڵاتەکان.

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "بابەتی ئەنجومەنی پارێزگاکان بابەتێکی دەستوورییە، لە دەستووردا هاتووە و پێویستە هەبێت، ئەوە یەکێکە لە بنەما دیموکراسییەکان لە وڵاتاندا، لە عێراقدا هەبووە، بەڵام لە ساڵانی 2019 هەڵوەشێنرایەوە، بەهۆی ئەوەی یەکێک بووە لە داواکارییەکانی خۆپیشاندانەکانی تشرین، لێرە دوو بۆچوون هاتە بەر باسەوە ئەوانەی دەیانەویست دەسەڵاتییان بەسەر دارایی و بودجەی پارێزگاکاندا هەبێت، دەڵێن بوونی ئەوە زنجیرەیەکی زیادە و بارگرانییە بەسەر دەوڵەتەوە، رەنگە گەندەڵیشی تێیدا دروست ببێت، چەند لایەنێکی سیاسی لەگەڵ ئەمەدا بوون".

گوتیشی: "چەند ساڵێک نەما، بەڵام ئێستا هەستیان بەوە کردووەتەوە کە ئەوە بابەتێکی دەستوورییە دەبێت هەبێت و پێویستە، چونکە لایەنەکان و پارێزگاکانی دەوڵەت پێویستییان بە چاودێری هەیە، چونکە دەسەڵاتی ئەنجومەنە کە دەبێت پارێزگار هەڵبژێرێت و دەستەی ئیدارە ناوخۆییەکان دابنێت، ئەگەر ئەنجومەن نەبێت کێ ئەوانە دادەنێت؟، لەبەر ئەوە بابەتی ئەنجومەنی پارێزگاکان نوێ کرایەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی لامەرکەزیی، کە خۆی بنەمایەکە لە بنەماکانی دیموکراسی، مەرکەزییەت زاڵ نەبێت بەسەر پارێزگاکاندا و یەکێک لەو دەسەڵاتانە لە دەستی ئەنجومەنی پارێزگاکان بێت".

راشیگەیاند، بوونی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە و کەمکردنەوەی قورسایی بەسەر مەرکەز و سەنتەردا، ئەگەر گوشاری سیاسی بهێڵێت".