ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و ئاوارەکان بێبەشبوون لە دەنگدان

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تەنیا لە بنکەیەکی دەنگدانی شاری هەولێر، زیاتر لە 50 پێشمەرگە بێبەشبوون لە دەنگدان بەهۆی بوونی کێشە لە کارتی بایۆمەتری و 485 ئاوارەش لە بنکەی دەنگدانی کەمپی حەسەن شا بەهۆی کارنەکردنی ئامێرەکانەوە، هیچ دەنگدەرێک دەنگیان نەدا.

رۆژی (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە بنکەی زانکۆی قوتابخانەی ئەحمەدی خانی لە شاری هەولێر، زیاتر لە 50 پێشمەرگە نەیانتوانی لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەنگبدەن.

ژمارەیەک لەو پێشمەرگانە بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـیان راگەیاند، لە هەڵبژاردنی رابردوو بەبێ هیچ کێشەیەک بە کارتەکانی دەنگدانیان بەشدارییان کردووە، بەڵام ئەمجارە پەنجەمۆرەکانیان نەیخوێندووەتەوە، بێبەشبوونە لە دەنگدان.

ئەو پێشمەرگانەی بێبەشبوون لە دەنگدان سکاڵایان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن مافی دەنگدانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڕێوەبەری بنکەکەش بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێژەی ئەو پێشمەرگانەی دەنگیان نەداوە، زیاترە و بەگوێرەی رێنماییەکان 25% دەنگدەر بەبێ کارتی بایۆمەتری دەتوانن دەنگ بدەن و ئەوانەی بێبەشبوون لە دەنگدان لە سەرووی ئەو رێژەیەوە.

هاوکات لە کەمپی حەسەن شا کە تایبەتە بە ئاوارەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا و 485 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەهۆ کارنەکردنی ئامێرەکانەوە، پرۆسەی دەنگدان لەو بنکەیە بەڕێوەنەچوو، هەرچەندە تیمە تەکنیکییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بنکەکە هەوڵی چارەسەرکردنیاندا بەڵام بێ ئەنجامبوو.

رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە بنکەی دەنگدانی کەمپی حەسەن شا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی پرۆسەی دەنگدان بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان بەڕێوەنەچوو، کارمەندانی کۆمیسیۆن پێش تەواوبوونی ماوەی یاسایی پرۆسەی دەنگدان، ئامێر و کەلوپەلەکانیان کۆکردەوە.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) کاتژمێر 07:00ـی بەیانی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە بەشداری هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەستیپێکرد کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 600 بنکەی دەنگدانیان بۆ ئامادەکراوە کە دوو هەزار و 477 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

له‌ پارێزگای هه‌ولێر 20 هه‌زار و 515 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و به‌سه‌ر 19 بنكه‌ی ده‌نگدان دابه‌شكراون، به‌ شێوه‌یه‌ك، 15 هه‌زار و 492 كه‌س ده‌نگده‌ری تایبه‌تن و به‌سه‌ر 12 بنكه‌دا دابه‌شكراون، له‌گه‌ڵ 5 هه‌زار و 23 ئاواره‌ كه‌ 7 بنكه‌ی ده‌نگدان بۆیان ته‌رخان كراون.

له‌ پارێزگای سلێمانی 27 هه‌زار و 217 ده‌نگده‌ر به‌سه‌ر 20 بنكه‌ی ده‌نگدان دابه‌شكراون، له‌و ژماره‌یه‌ش 23 هه‌زار و 402 كه‌س ده‌نگده‌ری تایبه‌تن به‌سه‌ر 15 بنكه‌دا دابه‌شكراون 3 هه‌زار و 815 كه‌سیش ئاواره‌ن و 5 بنكه‌ی جیاواز بۆیان دیاریكراوه‌.

لە‌ پارێزگای دهۆك 54 هه‌زار و 210 كه‌س له‌ دهۆك مافی به‌شداریكردنیان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان عێراق هه‌یه‌ و 34 بنكه‌یان بۆ دیاریكراوه‌، به‌جۆرێك كه‌ له‌ كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ 14 هه‌زار و 788 كه‌س ده‌نگده‌ری تایبه‌تن و به‌سه‌ر 11 بنكه‌دا دابه‌شكراون، كه‌چی ئاواره‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ ژماره‌یان زیاتره‌ و 39 هه‌زار و 422 كه‌س له‌ 23 بنكه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن.

رۆژی 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 766 بنکەی ده‌نگدان کە لە 38 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەم هەڵبژاردنەدا، 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێ لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە دەکەن کە کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن.