ئازاد جندیانی: ئاڵا بەشێکە لە بوونی گەلی کوردستان

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئازاد جندیانی، سیاسەتمەداری ناسراوی کوردستان رایگەیاند: گەلی کورد وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە مافی خۆیەتی ئاڵای هەبێت، ئاڵا دەستکەوت نییە، بەڵکو مافە، ئاڵا بەشێکە لە بوونی گەلی کوردستان.

ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان، گوتی: "هەندێک کەس و لایەن بە زۆرەملێ دەیانەوێت بڵێن بوونی ئاڵا دەستکەوتە، هەبوونی ئاڵا مافی هەر میللەتێکە کە دەبێت ئاڵای هەبێت، ئێمەی کورد لەسەر ئەو ئاڵایە قوربانی و شەهیدمان داوە، بۆ مێژوو ناگەڕێینەوە کە لەسەر ئەو ئاڵایە چەند خوێنمان داوە، بەڵام زۆر دوور ناڕۆین 16ـی ئۆکتۆبەرلە خانەقین و کەرکووک و چەندین شوێنی دیکە شەهیدماندا لەسەر ئەو ئاڵایە داوە، لە کاتێکدا ئەو ئاڵایە لە دەستوور و هەموو یاساکانی عێراقیدا هەیە، کە مافمان هەیە ئاڵای خۆمان هەبێت".

گوتیشی: "ئاڵا بۆ گەلی کورد دەستکەوت نییە، بەڵکو بەشێکە بۆ بوونی ئێمە، چونکە بەهۆی چەندین ئامراز و هۆکارەوە هەڕەشەمان لێدەکرێت، یەکێک لەوانە هەوڵدان بۆ نەمانی کورد، کە دەیانەوێت کورد وەکو نەتەوە نەمێنێت، کورد وەکو نەتەوە خاک، زمان، ئاڵا، ئەزموونی تێکۆشان هەموو ئەمانە گەلی کورد وەکو نەتەوە هەیەتی، ئەوان دەیانەوێ لەناوی بەرن و نەیهێڵن و ژێر دەستە بیت".

ئازاد جندیانی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەرکی مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتیی و راگەیاندنەکانە بە قوتابییەکان و خەڵکی بڵێن کە عێراق داگیرکەر، کاتێک کە حەشەدی شەعبی هات کەرکووکی داگیر کرد، بۆیە لەڕووی پەروەردە و زانیارییەوە لە هەموو شوێنێکی جیهان هەیە، بەڵام لێرە هەست کردن بە ئینتیمای نیشتمانی کەمیکردووە، ئێمە کوردین خاوەن خاک و زمانی خۆمانین ئاڵامان هەیە پەیوەندی دیپلۆماسیمان هەیە خاوەن چەندین سەروەری دیکەین، ئەمە گوتاری نەتەوەیی نییە، بەڵکو ئەمە ئیدارەی ململانێیە لەگەڵ بەغدا".

ئاماژەی بەوەشدا: "هەندێک لە نەیارانی کورد نەک هەر دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێ، بەڵکو دەیانەوێت گەلی کورد نەمێنێ، دەیانەوێت کورد کۆیلەبین، کۆیلە پێویستی بە ئاڵا نییە، کورد نایەوێ کۆیلە بێت".

ئازاد جندیانی، دووپاتیکردەوە: "پێویستە میدیاکانی کوردستان بە عێراق بڵێن داگیرکەر، نابێ بگوترێت سوپای عێراق کەرکووکی گرت، بەڵکو دەبێ بڵێین داگیری کرد، دەبێ ئێمە روون بین و پاشەکشە نەکەین، نابێ دوو دڵ بین لەوەی کە بڵێین بەغدا داگیرکەرە، من لەوبارەوە رەخنەم لە هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، دەبێ دیدمان روون بێت".

دەشڵێت: "دەبێ بە حکومەتی عێراق بڵێین بۆچی ئاڵای حەشدی شەعبی قەدەغە نییە، بەڵام لە هەندێک شوێن ئاڵای کوردستان قەدەغەیە؟ ".