کەرکووکییەکان دوای 18 ساڵ ئەنجومەنی پارێزگا هەڵدەبژێرن

K24 – هەولێر

لە کەرکووک جیاوازتر لەگەڵ شارەکانی دیکە، دوای 18 ساڵ ئەمڕۆ خەڵکی شارەکە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنگ دەدەن.

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی گشتی 871 هەزار کەس لە کەرکووک مافی دەنگدانیان هەیە، 318 بنکە و هەزار و 898 وێستگەی دەنگدان هەن، 10 هاوپەیمانی و پێنج پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ بەشداریان لە هەڵبژاردن کردووە و 248 کاندید کێبڕکێ لەسەر 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن.

لە ساڵی 2005ـەوە لە شاری کەرکووک هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکراوە، دوای 18 ساڵ خەڵکی کەرکووک دەنگ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای شارەکەیان دەدەن.

کاتژمێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2023، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە.