تەحسین خەفاجی: پێشبینی دەکەم رێژەی دەنگدەران بەرزبێتەوە

K24 - هەولێر

گوتەبیژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هابەشەکانی رایگەیاند، پێشبینی دەکەم رێژەی دەنگدەران بەرزبێتەوە، پێشم وایە هاووڵاتیان پێشوازییەکی گەرم لەهەڵبژاردن دەکەن، دەشلێت: تاوەکو ئێستا یەک پێشێلکاری ئەمنی بچوک روویداوە کە ئەویشمان چارەسەر کردووە.

تەحسین خەفاجی، گوتەبیژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هابەشەکانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە لە کاتژمێرەکانی سەرەتایی دەنگدان داین، هەمووان دەزانن دەنگدانی گشتی جیاوازترە لە دەنگدانی تایبەت، دەنگدەرانی تایبەت پابەندن بە فەرمان و راسپاردەکان.

خەفاجی دەشڵێت: پێشبینی دەکەم رێژەی دەنگدەران بەرزبێتەوە، پێشم وایە هاووڵاتیان پێشوازییەکی گەرم لەهەڵبژاردن دەکەن، چونکە هەموو هەڵبژاردنەک وابووە سەرەتا کەمبووە دواتر زیاتر بووە.

گوتیشی: تاوەکو ئێستا یەک پێشێلکاری ئەمنی بچوک روویداوە کە ئەویشمان چارەسەر کردووە، هەموو شتەکان بەباشی بەرێوەدەچێت و لەم کارەشمان بەردەوام دەبین.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی رێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیشە، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەموو ئاسانکارییەک بۆ هاووڵاتیان بکەن، بۆ ئەوەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکاندا بکەن و هیچ بەربەستێک دروست نەکرێت، هەروەها راشگەیاندووە دەبێت زۆر بەشەفافانە مامەڵە لەگەڵ میدیاکاران بکرێت، چونکە ئەگەر میدیاکاران و هێزە ئەمنییەکان نەبێت ئەو پرۆدەیە بەباشی بەڕێوە ناچێت.

کاتژمێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2023، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە.