کۆمیسیۆن: رێژەی بەشداریی تا نیوەی کاتی هەڵبژاردن سەدا 17 بووە

هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، رێژەی بەشداریکرن لە هەڵبژاردنی گشتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تا کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ گەیشتووەتە سەدا 17.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تا کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق سەدا 17 بووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، زۆرترین رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگاکانی عێراق، لە ئەنبار ىووە کە لە سەدا 27 بووە و کەمترینیشی لە بەغدا – رەسافە بووە کە سەدا 9ـی تێنەپەڕاندووە.

رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق:

ئەنبار: 27%

نەینەوا: 23%

بەسرە: 19%

زیقار: 18%

بابل:  17%

کەربەلا: 14%

نەجەف: 13%

واست:  13%

میسان: 11%

قادسییە: 16%

موسەننا: 14%

دیالا: 12%

بەغدا – کەرخ: 11%

بەغدا – سەرافە: 9%


سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە بۆ جاری یەکەمە لە دوای ساڵی 2005 لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتی دەنگدانی گشتی بەهیچ شێوەیەک دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە درێژناکرێتەوە، چونکە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان لە دوای کاتژمێر 06:00 ئۆتۆماتیکییەن دەکوژێندرێنەوە، بۆیە ناتوانن ماوەکە درێژبکەنەوە.

جومانە غەلای داوای لە دەنگدەرانی عێراق کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان "نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان" بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵبژێرن. لەبارەی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش، گوتی، لە دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە سندووقەکانى دەنگدان دادەخرێن و لەدواى 24 کاتژمێر لە داخستنى سندووقەکان، ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان (گشتی و تایبەت) رادەگەیەندرێت.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بۆ کورد و بەتایبەت کەرکووکییەکان چارەنووسسازە. کوردانی ناوچە کوردستانییەکان دەیانەوێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە کۆتایی بەو ستەمە بهێنن کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 بەسەریاندا سەپێندراوە.

هەڵبژاردنەکە چارەنووسسازە، چونکە ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەرکی هەڵبژاردنى پارێزگار، چاودێکریکردنى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکانیان و پەسندکردنی پارەى پڕۆژەکانی پارێزگاکانیان لە ئەستۆ دەگرێت.