پڕۆسەی دەنگدان بەردەوامە؛ "ئەم هەڵبژاردنە کوردستانییە، لە راپەرین گرنگترە"

بەهائەددین دەروێش، هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن 111 ساڵە؛ ئەمڕۆ وەکو بەتەمەنترین هاووڵاتی کەرکووک بە جلی کوردییەوە دەنگیدا وێنە: هێمن دەڵۆ – کوردستان24
بەهائەددین دەروێش، هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن 111 ساڵە؛ ئەمڕۆ وەکو بەتەمەنترین هاووڵاتی کەرکووک بە جلی کوردییەوە دەنگیدا وێنە: هێمن دەڵۆ – کوردستان24

K24 - هەولێر

رووماڵی کوردستان24 بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەردەوامە. هاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکان هەڵبژاردنەکە بە "گرنگ و چارەنووسساز" ناودەبەن و داوا دەکەن هەموو دەنگدەرێکی کوردێک بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکات.

هاووڵاتییانی کەرکووک دەڵێن "ئەمڕۆ جەژنمانە"

لە دوای ساڵی 2005 واتا دوای 18 ساڵ، بۆ جاری یەکەمە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکرێت. هەر چەندە چەند جارێک بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک داوایان کرد هەڵبژاردنەکە دوابخرێت و نەکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا دادگای فیدراڵی رایگەیاند، هەڵبژاردنەکە دەکرێت و دواناخرێت؛ هەڵبژاردنەکە بۆ سەلماندنەوەی کوردستانییەتی کەرکووک زۆر گرنگە.

 

 ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 کورسی پێکدێت و، لەو ژمارەیە کورسییەک بۆ کۆتایە. کورد چاوی لەوەیە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکە بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە ستەمی چەند ساڵەی سەپێندراو بەسەر خەڵکی شارەکەدا بهێندرێت.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک بە خوش خرۆشەوە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگیان دا. ئەوان دەڵێن، "ستەمی زۆرمان بینیوە، دەمانەوێت بە دەنگەکانمان دەسەڵات بگەڕێنینەوە دەست کورد و کۆتایی بەم ستەمە بهێنین".

 

 

دەنگدەرێکی کوردی قەزای داقووقی سەر بە کەرکووک بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "خۆم و خێزانەکەم بە جلی کوردییەوە دەنگمان داوە. دڵمان زۆر خۆشە کە بەشداریی هەڵبژاردنەکەمان کردووە، دەمانەوێت بە دەنگەکانمان کۆتایی بە ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک بهێنین".

ئاماژەی بەوەش کرد، "پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەباشی بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە هەندێک وێستگە پەنجەمۆری دەنگدەران ناخوێندرێتەوە، بۆیە بە ناچاری دەچنە چەند وێستگەیەکی دیکە تا پەنجەمۆرەکە دەخوێندرێتەوە."

ئەو دەنگدەرە کوردە داوا لە هەموو هاووڵاتییانی کەرکووک دەکات بە گەورە، بچووک، پیر و لاو بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن، "چونکە ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە، پێویستە هەموو تاکێکی کورد بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکات و دەنگ بدات؛ لە خەو هەڵسن، ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر گرنگە، رۆژی خۆشی و شادییە".

 

 

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە پێویستی دەزانێت بۆ ئەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق "کێشەکان وەلاوە بنرێن، ئەمڕۆ رۆژێکی چارەنووسسازە بۆ هەموو کەرکووکییەک، هیوادارم لە هاووڵاتییانی کورد بە جوش و خرۆشەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن. ئەگەر کەسێک خاوەن پێداویستیی تایبەت بوو و نەیتوانی بێت، ئامادەم بیخەمە سەر شانی خۆم و بیهێنمە دەنگدان و دواتریش بیبەمەوە ماڵی خۆی". 

 

هەر لە سنووری پارێزگای کەرکووک؛ بەهائەددین دەروێش، هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن 111 ساڵ؛ ئەمڕۆ وەکو بەتەمەنترین هاووڵاتی کەرکووک بە جلی کوردییەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و دەنگی دا.

بەهائەددین دەروێش گوتی، "هەڵبژاردنەکە زۆر گرنگە. داوا لە هەموو دەنگدەرێکی کورد دەکەم بەشداریی لە هەڵبژاردنەکە بکەن. هەر کەسێک غیرەتی هەبێت، دێت و دەنگ دەدات". 

 

هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، "هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک زۆر گرنگە بۆ کورد و چارەنووسسازە. هەڵبژاردنەکە هێندەی راپەرینێک بۆ کورد گرنگە". 

هاووڵاتییەکی شنگال: دەمانەوێت شنگال ئاوەدان بکرێتەوە بۆیە بەشداریمان کردووە

بەھۆی پەلامارەکانی داعشەوە بۆسەر قەزای شنگال لە ساڵی 2014، زیانی زۆری ماددەی بە ژێرخانی قەزاکە کەوت و ژمارەیەک زۆری خانوو رووخان و ژمارەیەک مەزارگەی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە تەقێندرانەوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550 هەزار کەسە؛ بەهۆی دۆخی شنگالەوە ئێستا زۆرینەی ئێزدییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانیان دەژین. خەڵکی شنگال ئاماژە بەوە دەکەن، بوونی گرووپە چەکدارەکان، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامی، هۆکارن کە نەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هاوکات، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەیان جددی نییە.

 

یەکێک لەو هاووڵاتییە ئێزدییانەی لە بنکەیەکی دەنگدانی مووسڵ بەشداریی هەڵبژاردنەکەی کرد؛ بە ماهر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "وەکو خەڵکی شنگال دەمانەوێت شارەکەمان ئاوەدان بکرێتەوە بۆیە دەنگمان دا. ئەگەر بەشداریی هەڵبژاردنەکە نەکەین، دۆخی شنگال وەکو خۆی دەمێنێتەوە".

گوتیشی، "داوا لە لایەنگرانی هەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی دەکەم بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن، چونکە ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەموو مللەتی کورد گرنگ و چارەنووسسازە."

میری ئێزدییان داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەشداریی هەڵبژاردن بکەن

میر حازم میر ته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدییان، لە بنکەیەکی دەنگدانی قەزای شێخان بەشداریی لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجـوومەنی پارێزگاکانی عێراق کرد و دەنگی دا.

میری ئێزیدییان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوای لە دەنگدەران کرد بە جوش و خرۆشەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن و کاندیدی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن "بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناوچەکانیان بکەن لەوانەش شنگال، دەشتی نەینەوا، شێخان و ئەلقووش".

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق وەکو ئەوەی میر باسی کرد، "بۆ کوردانی ئێزدی زۆر گرنگە، چونکە سەدا 80ـی کوردانی ئێزدی دانیشتووی سنووری پارێزگای نەینەوان". گوتیشی، "بەشداریی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان زۆر گرنگ و چارەنووسسازە".

هاووڵاتییەک لە شێخان: ئەمڕۆ ئیش و کارەکانم راگرتووە، هاتووم دەنگ بدەم

مەسعود وەرمێلی، پەیامنێری کوردستان24 کە بۆ رووماڵکردنی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق چووەتە قەزای شێخان، ئاماژەی بەوە کرد، هاووڵاتییان بەجوش و خرۆشەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکە دەکەن و قەرەباڵغییەکی زۆر لە ناوەندەکانی دەنگدان هەیە.

لە سنووری قەزای شێخان زیاتر لە 33 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. هاووڵاتییەکی شێخان کە بەشداریی هەڵبژاردنەکەی کردووە و دەنگی داوە، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "کاتی زۆری ویست تا دەنگم دا، چونکە پەنجەمۆرم بە زەحمەت خوێندییەوە، چەند جارێک تاقیمکردەوە، تا خوێندییەوە. هەمان کێشە بۆ دەنگدەرانی دیکەش دروست بوو".

ئەو هاووڵاتییە گوتی، "خۆم و خێزانەکەم هەموومان دەنگمان داوە؛ گومانی تێدا نییە ئەم هەڵبژاردنە بۆ کورد بە شێوەکی گشتی زۆر گرنگ و چارەنووسسازە، بەتایبەت بۆ ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان".

هاووڵاتییەکی دیکەی شێخان کە جووتیارە، بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمڕۆ هەموو ئیش و کارەکانم راگرتووە و هاتووم بۆ ئەوەی دەنگ بدەم، چونکە دەمەوێت ویژدانی خۆم ئاسوودە بکەم و ئەمە ئەرکێکە لەسەر شانی هەموومان".

هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە بۆ جاری یەکەمە لە دوای ساڵی 2005 لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتی دەنگدانی گشتی بەهیچ شێوەیەک دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە درێژناکرێتەوە، چونکە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان لە دوای کاتژمێر 06:00 ئۆتۆماتیکییەن دەکوژێندرێنەوە، بۆیە ناتوانن ماوەکە درێژبکەنەوە.

جومانە غەلای داوای لە دەنگدەرانی عێراق کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان "نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان" بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵبژێرن. لەبارەی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش، گوتی، لە دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە سندووقەکانى دەنگدان دادەخرێن و لەدواى 24 کاتژمێر لە داخستنى سندووقەکان، ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان (گشتی و تایبەت) رادەگەیەندرێت.

رۆژی یەکشەممە، 17-12-2023، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، "گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی" هەڵە تەکنییەکانی رۆژی هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە رۆژی هەڵبژاردنی گشتی بدات بۆ ئەوەی "مافی دەنگدەر و کاندیدان" پارێزراو بێت، بەڵام پەیامنێرانی کوردستان24 کە بۆ رووماڵکردنی هەڵبژاردنەکە چوونەتە چەند پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان، رایانگەیاند، هەمان کێشەی تەکنیکی رۆژی شەممە لە چەند بنکەیەکی دەنگدان دروستبووە و کارتی بایۆمەتری بەشێکی زۆری دەنگدەران ناخوێندرێتەوە.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بۆ کورد و بەتایبەت کەرکووکییەکان چارەنووسسازە. کوردانی ناوچە کوردستانییەکان دەیانەوێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە کۆتایی بەو ستەمە بهێنن کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 بەسەریاندا سەپێندراوە.

هەڵبژاردنەکە چارەنووسسازە، چونکە ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەرکی هەڵبژاردنى پارێزگار، چاودێکریکردنى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکانیان و پەسندکردنی پارەى پڕۆژەکانی پارێزگاکانیان لە ئەستۆ دەگرێت.

چەند زانیارییەک لەبارەی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق:

ژمارەی دەنگدەرانی گشتی: 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر

ژمارەی گشتیی ناوەندەکانی دەنگدان: حەوت هەزار و 166 ناوەند

ژمارەی گشتیی وێستگەکانی دەنگدان: 35 هەزار و 553 وێستگە

ژمارەی هاوپەیمانێتی: 38

ژمارەی پارت: 28

ژمارەی کاندید: پێنج هەزار و 904 کاندید

ژمارەی کورسییەکان: 285 کورسی (75 کورسی کۆتای ژنن و 10ـیان بۆ کۆتای پێکهاتەکانن)

ژمارەی سەرپەرشتیار: 206 هەزار و 429 فەرمانبەر

ژمارەی کامێرای چاودێری: 111 هەزار و 714 کامێرا

ژمارەی ناوەند، وێستگە و دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی گشتیی بەگوێرەی پارێزگاکان:

بەغدا - رەسافە:

ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: هەزار و 33 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: چوار هەزار و 406 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: یەک ملیۆن و 854 هەزار و 244 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 654 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 250 کاندید

بەغدا – کەرخ:

ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 817 ناوەند

 ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: سێ هەزار و 660 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: یەک ملیۆن و 541 هەزار و 764 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 350 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 252 کاندید

پارێزگای کەرکووک:

ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 318 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: هەزار و 898 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 813 هەزار و 590 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 187 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 67 کاندید

نەینەوا:

ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 792 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: سێ هەزار و 993 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: یەک ملیۆن و 695 هەزار و 566 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 468 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 157 کاندید

پارێزگای کەربەلا:

ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 249 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: هەزار و 303 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 557 هەزار و 992 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 174 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 76 کاندید

پارێزگای ئەنبار:

ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 383 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: هەزار و 858 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 787 هەزار و 229 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 228 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 81 کاندید

پارێزگای بابل:

ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 422 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: دوو هەزار و 263 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 969 هەزار و 698 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 285 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 105 کاندید

پارێزگای دیالە:

ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 500 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: دوو هەزار و 116 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 892 هەزار و 710 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 227 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 94 کاندید

پارێزگای واست:

ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 306 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: هەزار و 610 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 684 هەزار و 669 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 188 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 74 کاندید

پارێزگای سەڵاحەددین:

 ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 341 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: هەزار و 652 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 703 هەزار و 563 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 185 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 71 کاندید

پارێزگای نەجەف:

 ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 336 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی:هەزار و 655 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 702 هەزار و 704 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 240 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 86 کاندید

پارێزگای قادسییە:

 ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 295 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: هەزار و 425 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 602 هەزار و 920 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 187 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 74 کاندید

پارێزگای موسەننا:

ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 173 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: هەزار و 14 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 433 هەزار و 975 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 141 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 50 کاندید

پارێزگای زیقار:

 ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 452 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: دوو هەزار و 229 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 945 هەزار و 258 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 245 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 87 کاندید

پارێزگای میسان:

 ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 231 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: هەزار و 230 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: 523 هەزار و 391 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 129 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 49 کاندید

پارێزگای بەسرە:

 ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 518 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: سێ هەزار و 241 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: یەک ملیۆن و 398 هەزار و 862 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 380 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 137 کاندید