گوتەبیژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق: پۆلیسی بەغدا بەهۆی پێشێلکارییەوە 20 کەسی دەستگیرکرد

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، 20 کەس بەهۆی پێشێلکاری و بڵاوکردنەوەی کارتی کاندیدان و بانگەشەی هەڵبژاردن لە نزیک بنکەکانی دەنگدان دەستگیرکران.

عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، پۆلیسی ناوچەی کەرخ لە بەغدا 20 کەسیان بەتۆمەتی پێشێلکاری و بڵاوکردنەوەی کارتی کاندیدان و بانگەشەی هەڵبژاردن لە نزیک بنکەکانی دەنگدان دەستگیرکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، هاوپەیمانی تۆڕ و رێکخراوە نیشتمانییەکانی عێراق رایانگەیاند، تاوەکو پیش نیوەڕۆ 281 پێشێلکاریان لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی ئاشکرا کردووە.

فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان گوتی: هەرکەسێک یاسا پێشێل بکات بێگومان رووبەرووی سزا دەبێتەوە، ئێستاش سەرجەم هێزەکان لە ئەرکی خۆیان دان و بەردەوامن، تا ئەوکاتەی پرۆدەکە کۆتایی دێت و دەنگەکان جیادەکرێنەوە و ئەنجامەکان رادەگەینرێت.

سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.