چاودێرانی هەڵبژاردن دەیان پیشێلکارییان لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی ئاشکرا کرد

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە، هاوپەیمانی تۆڕ و رێکخراوە نیشتمانییەکانی عێراق رایانگەیاند، تاوەکو پیش نیوەڕۆ 281 پێشێلکاریان لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی ئاشکرا کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەی هاوپەیمانیدا هاتووە، چاودێران راپۆرتێکیان لەسەر رووداوەکانی بنکەکانی دەنگدان ناردووە بۆ ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی، کە پشتڕاستیانکردووەتەوە، 641 وێستگەی هەڵبژاردن پابەندبوون بە کاتی کردنەوەی و کاتژمێر 7ـی بەیانی، لەکاتێکدا 18 وێستگە لە کاتی دیاریکراودا نەکراونەتەوە.
راشیگەیاند، چاودێرانی هاوپەیمانان چاودێری 86 پیشێلکاری پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیان بۆ قەوارە سیاسییەکان و بڵاوکردنەوە کارتی ریکلام بۆ کاندیدەکان لە نزیک ناوەندەکانی هەڵبژاردن کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، 86 دەنگدەر نەیتوانییوە بە ئاسانی بگەنە ویێستگەکانی دەنگدان، هەروەها شەش هەوڵی رێگریکردنیش هەبووە لە گەیشتنی دەنگدەران بۆ بنکەکانی دەنگدان.
هاوپەیمانییەکە ئاشکراشی کردووە، کە چاودێران 12 پیشێلکارییان تۆمارکردووە کە تیایدا هێزە ئەمنییەکان کە ئەرکی پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدانیان لەسەرە رێگرییان لە چاودێران و بریکارەکانی قەوارە سیاسییەکان کردووە بچنە ناو بنکەکانی دەنگدان، هەروەها 15 چاودێر و بریکاری قەوارە سیاسییەکان لە وێستگەکان دەرکراون.
لەراپۆرتەکەدا جەخت کراوەتەوە، 30 ئەندامی تیمی بنکەی دەنگدان لەکاتی دیاریکراودا ئامادە نەبوونە، هاوکات لە 18 بنکەش کەرەستەی سەرەتایی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی دەنگدان نەبووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە 32 شوێنیش کامێرای چاودێریی دانەنراوە کە بەپێی رێنماییەکان دەبێت هەموو بنکەکانی دەنگدان کامیرەی چاودێری هەبێت بۆ گواستنەوەی پرۆسەکە.
کاتژمێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2023، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە.