لە مووسڵ پێنج کەس بەهۆی 'تەقەی خۆشی' سەرکەوتنی کاندیدێک برینداربوون

لە مووسڵ پێنج کەس بەهۆی 'تەقەی خۆشی' سەرکەوتنی کاندیدێک برینداربوون
لە مووسڵ پێنج کەس بەهۆی 'تەقەی خۆشی' سەرکەوتنی کاندیدێک برینداربوون

K24 - هەولێر

بەهۆی تەقەی خۆشی سەرکەوتنی کاندیدێک لە گوندێكی سەر بە مووسڵ، پێنج هاووڵاتیی سڤیل برینداربوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19-12-2023، ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق (نینا) بڵاویکردەوە، درەنگانی شەوی رابردوو پێنج هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی تەقەی خۆشی سەرکەوتنی کاندیدێک لە سنووری مووسڵ برینداربوون.

وەکو ئەوەی ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق روونیکردووەتەوە، برینی بەشێک لە برینداران سەختە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێویست رەوانەی نەخۆشخانەی گەیارە کراون.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئاهەنگی سەرکەوتنی ئەو کاندیدە کە ناوەکەی ئاشکرانەکردووە، لە گوندی (حاج عەلی) لە سنووری ناحیەی گەیارەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بووە.

سەر لە بەیانیی رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.

برینداربوونی ئەم پێنج هاووڵاتییە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 18-12-2023، لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بە نارنجۆک (رومانە)ـی دەنگی هێرش کرایە سەر دوو بنکەی دەنگدان لە بەغدای پایتەختی عێراق.

هەر دوێنێ دووشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی راگەیاندبوو، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو دەستڕێژی گولـلـەیان کردووەتە سەر ماڵی یەکێک لە کاندیدان لە رۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت.

شەوی دووشەممە، 18-12-2023، هۆگر چەتۆ، سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان لەبارەی بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، زیاتر لە 700 پێشێلکاری جۆراوجۆر لەلایەن چاودێرەکانیانەوە لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە تۆمارکراون.