دەستەی گەشتوگوزار: پێشبینی دەکەین بۆ سەری ساڵ 200 هەزار گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان بکەن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلانێکی تۆکمەیان داناوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و پێشبینی دەکەن بۆ پشووەکانی سەری ساڵ 200 هەزار گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە کوردستان24ـی گوت: "ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی پشووەکانی سەری ساڵ، ئێمە دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەین، بۆ ئەمساڵیش لە رێگای بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، پلانی تۆکمەو چڕ دانراوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت و هۆتێل و رێستورانتەکان، ئامادەکاری تەواو کراوە، بۆ ئەوەی چەندین چالاکی تایبەت بە پشووەکانی سەری ساڵ ئەنجامبدرێن و زیاتر سەرنجی گەشتیاران رابکێشین".

گوتیشی: "چەند لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێندراوە، هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ بازگەکان، کە ئاوێنەی شارەکانن، لەوێوە بەشێوەیەکی شارستانی پێشوازی لە گەشتیاران بکەن، بە پێدانی شیرینی نەخشە و رێبەری گەشتیاری".

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری، گوتی: "بە پاڵپشت بەو ئامادەکارییانەی کە ئێمە هەمانە، پێشبینی دەکەین 200 هەزار گەشتیار بۆ پشووەکانی سەری ساڵ روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، کە پشووەکان لە 25/12/2023 دەستپێدەکات بۆ 1/1/2024".

سەبارەت بە راگیرانی ئاهەنگەکانی کریسمس و سەری ساڵ، لە پارێزگای هەولێر وەک رێزگرتن لە قوربانییەکانی هەردوو رووداوی ئاگرکەتنەوە لە سۆران و حەمدانییە، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەدا: "ئاهەنگەکانی گەشتوگوزار، ئەو ئاهەنگانەن کە دیاریکراون لەلایەن کەرتی تایبەت، ئێمە ئاگاداری بڕیاری پارێزگار بووین، وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئاهەنگ و چالاکییەکانی ئێمە زیاتر لە رێگای کەرتی تایبەتە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەشتیاران زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن".