لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنەکان: زیاتر لە 300 کەس دەسگیرکراون

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، زیاتر لە 300 کەس دەسگیرکراون و رادەستی یاسا کراون، کە هەوڵیان دەدا یاساکانی کۆمسیۆن پێشێل بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی  رایانگەیاند: "لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەموو هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی پڕۆسەکە خستەگەڕ، سەردانی هەموو بنکەکانمان کردووە، لەسەر ئاستی کۆمسیۆن و تەکنیکی هەماهەنگیمان هەبوو، رێککاری زۆرباشی ئەمنیمان گرتەبەر لە هەڵبژاردنەکان، لەلایەن کۆمەڵێک لیژنەوە کە سەر بە ئۆپەراسیۆنەکان بوون سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانمان کردووە، پەیوەندییمان هەبووە لەگەڵ هەموولایەنەکان".

راشیگەیاند: "ئێمە وەکو لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023، پلان و کارەکانمان وەکو خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد، هیچ پێشێلکارییەک ئەمنی تۆمار نەکرا، لەمیانەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و بۆ یەکەمجارە هێزە ئەمنییەکان دەست لەناو دەست بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئەکادیمی یاسایان جێبەجێکردووە".

ئاشکراشی کرد: "زیاتر لە 300 کەس دەسگیرکراون و رادەستی یاسا کراون کە هەوڵیان دەدا یاساکانی کۆمسیۆن پێشێل بکەن، یاخود کڕین و فرۆشتن بە کارتەکانی دەنگدانەوە بکەن، هێزە ئەمنییەکان پێکەوە بەیەک چاو سەیری هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان دەکەن، توانیومان 70،80% فلاش میمۆری چاودێری سندووقەکان، بەرێگای وشکانی و فڕۆکە بگوازینەوە بۆ نووسینگەی سەرەکی کۆمسیۆن لە بەغدا".

روونیکردەوە، ئەو هێلیکۆپتەرەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری دووزخورماتوو کەوتە خوارەوە هیچ پەیوەندییەکی بە لیژنەکەیانەوە نەبووە.