کاری ئەکتەر و هونەرمەندە بەناوبانگەکانی جیهان پێش بەناوبانگ بوونیان

K24 - هەولێر

لە لێدوانێکدا لەسەر ئەزموونی دەرهێنانی فیلمی "The Boys in the boat" کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، ئەکتەری ئەمەریکی جۆرج کلۆنی گوتی: ئەوە خۆدروستکردنی سەرەتاکانی بیرخستووەتەوە پێش ئەوەی ببێتە ئەستێرە لە هۆلیوود، کلۆنی لە ژینگەیەکی زەلیلدا لە کێڵگە بچووکەکەی تووتنی باپیر و باپیرەی لە ویلایەتی کێنتاکیی گەورە بووە.

جۆرج کلۆنی بە گۆڤاری "ڤانیتی فەیر" راگەیاندووە، جووتیارێکی بچووکی تووتن بووە و لە هەر کاتژمێرێکدا 3.50 دۆلاری دەستدەکەوت لە دروێنەکردنی گەڵاکانی تووتن بە دەستی، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوە ئاسانترین کار نییە، بەڵام بەو شێوەیە بژێوی ژیانی دابینکرد. پارەیان نەبووە و هەموو دەوروبەریشیان بەو شێوەیە ژیاوە.

لە رێگای بەدیهێنانی خەونی نواندنەکەیدا، کلۆنی لاری نەبووە کە کاری مامناوەند وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەی کلۆنی پسپۆڕی زانکۆ بووە لە بواری رۆژنامەگەریدا لە نێوان ساڵانی 1979 بۆ 1981، کاری لە وەرشەی بیناسازیدا کردووە، هەروەها پێڵاوی ژنانی فرۆشتووە و کاری رەفە و گرێبەستی بیمەی کردووە و دەرگا بە دەرگای مالانی دەکرد بۆ ئەوەی ئەو شتانەی کە هەیبوو بیخاتە بازاڕەوە.

جۆرج کلۆنی لەکاتی وێنەگرتنی فیلمی
جۆرج کلۆنی لەکاتی وێنەگرتنی فیلمی "The Boys in the boat".

براد پیت هاوشێوەی هاوپیشەکەی جۆرج کلۆنی، چەند کارێکی کردووە پێش ئەوەی لەبەردەم کامێرادا خۆی ببینێتەوە، کە دەڵێت: لە ساڵانی سەرەتای ژیانیدا لە لۆس ئەنجلۆس، وەک شۆفێر کاری کردووە و چەند مانگێک کاری گەیاندنی کەلوپەلی مۆبیلیاتی بۆ ماڵەکان کردووە، بەڵام ئەو کارەی هەرگیز لەبیری ناچێت لە چێشتخانەیەکی مریشکدا بووە، لەوێ خۆی وەک مریشک پۆشیوە و لەبەردەم دەرگای چێشتخانەکەدا وەستاوە و دەستی بۆ کڕیاران بردووە و بانگهێشتی چوونە ژوورەوەی کردوون، لەو کاتەدا پیت تەمەنی 22 ساڵ بووە، دوو ساڵ پێش ئەوەی یەکەم رۆڵی لە فیلمدا ببینێت.

سەبارەت بە هاوسەرەکەی پێشووی، ئەکتەری ناوداری ئەمەریکی ئەنجلینا جۆلی، لە رۆژانی سەرەتاییدا ئاواتەخوازی ئەوە بوو کە کارێکی کەمتر کۆمیدی هەبێت، داواکاری پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری شوێنی مردووەکان، چونکە کاریگەری مردنی باپیرەی لەسەر بووە. کە پێش یەکەم دەرکەوتنی هونەری، ئەنجلینا جۆلی پلانی دانابوو ببێتە بەڕێوەبەری شوێنی مردووەکان.

ئەنجلینا جۆلی
ئەنجلینا جۆلی

روونە سەرەتای زۆربەی ئەستێرەکانی هۆلیوود لە رووی پشتبەستن بەخۆبوون و بەدواداچوون بۆ بژێوی ژیانیان هاوشێوەی یەکە، خانمە ئەکتەر "جێنیفر ئەنیستۆن" کارەکانی وەک هەڵگری پۆست بە قورسترین کار وەسف دەکات کە تا ئێستا کردوویەتی، ئەستێرەی زنجیرەی "فرێندز" لە تەمەنی 19 ساڵیدا بە پاسکیل لە نیویۆرک گەشتی دەکرد و نامەی بەسەر ماڵ و شوێنە بازرگانییەکاندا دابەش دەکرد.

هەروەها "جولیا رۆبەرتس" ئەکتەری فیلمی"Pretty Woman" بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو وانانەی نواندن کە دەیخوێند، لە یەکێک لە دوکانە بەناوبانگەکانی هۆلیوود وەک فرۆشیاری ئایسکرێم کاری دەکرد، بۆ ئەوەی بتوانێت کرێی خوێندنەکەی بدات.

لە هەمان زنجیرە فرۆشگاکان، بەڵام لە لقی هۆنۆلولو - هاوایی، باراک ئۆباما لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستی بە کاری پیشەیی خۆی کردووە، ئەمەش 33 ساڵ پێش ئەوەی بچێتە ناو کۆشکی سپی وەک سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکار بێت، ئۆباما پێشتر لە پلاتفۆرمی لینکیدئین ئەو بابەتەی ئاشکرا کردبوو و گوتی: "کارێکی سەرنجڕاکێش نەبوو، بەڵام وانەی بەنرخی وەک بەرپرسیارێتی و ماندووبوون فێرکردم، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوە ئارەزووی خواردنی ئایسکرێمم نەما".

باراک ئۆباما
باراک ئۆباما

هەروەها مادۆنا لە رۆژانی سەرەتای ژیانیدا لە نیویۆرک لە یەکێک لە بەناوبانگترین کافێ ئەمەریکییەکان کاری کردووە، بەڵام هەر زوو "شاژنەکەی پۆپ" لە کارەکەی دوورخرایەوە، دوای ئەوەی شیرینی فڕێدایە سەر کڕیارێک، بە هەمان شێوە "نیکی میناج" لە یەکەم کاری خۆیدا لە چێشتخانەیەکی ماسی دەرکراوە، دوای ئەوەی سووکایەتی بە دوو کڕیاری کردووە کە قەڵەمەکەیان لێ دزیوە.

سەبارەت بە "لەیدی گاگاش"، ئەو بەختەوەرتر بووە لە سەرەتای ژیانیدا، ئەو هونەرمەندە ئەمەریکییە وەک گارسۆنێک لە چێشتخانەیەکی یۆنانی لە مانهاتن کاری کردووە، ئەو ئەو ئەزموونەی لەبیرە و لە پۆستێکدا دەڵێت: "من زۆر باش بووم لەم کارەدا، چیرۆکم بۆ کڕیارەکان دەگێڕایەوە و رێزلێنانی گەورەم دەستدەکەوت".

گۆرانیبێژی بەریتانی "هاری ستایلز" لە نانەواخانەیەکدا کاری کردووە، هەروەها "مارگۆت ڕۆبی" ئەکتەری فیلمی "باربی 2023" لە چاوپێکەوتنەکانیدا شانازی بەوە دەکرد کە باشترین وەستای ساندویچ بووە لە چێشتخانەیەکی ناسراوی خواردنی خێرا، هەروەها پێش ئەوەی دەست بەو کارەی بکات، لە بواری پاککردنەوەی ماڵاندا کاری کردووە.

بیۆنسێ
بیۆنسێ

 

"سیندی کراوفۆرد"ـی مۆدێلست لە تەمەنی 17 ساڵیدا، گەنمەشامی پاکدەکردەوە کە کاتژمێری بە چوار دۆلار کاری دەکرد، ئەو دەڵێت: لە رۆژانی سەرەتاییدا هەستی بە بەرپرسیارێتی کردووە بۆ کارکردن و پارە پەیداکردنی بەردەوام، هەروەها رۆژنامەنووسی ئەمەریکی "ئۆپرا وینفری" هاوشێوەی ئەو هەرزەکارێکی کارکەر بووە، بەڵام چێژ لە ئەزموونی کارکردن لە دوکانی خواردن و خواردنەوەدا وەرنەدەگرت، چونکە قسەکردن لەگەڵ کڕیارەکانی قەدەغەکرابوو.

لە ساڵانی پێش ئەستێرەبوونیدا، ئەکتەری ناوداری ئەمریکی تۆم کروز لە هۆتێلێکدا کاری کردووە، ژوورەکانی پیشانی میوانەکان دەدا و یارمەتی دەدان لە گواستنەوەی جانتاکانیان، سەبارەت بە ئەکتەری ناوداری ئەمەریکی نیکۆڵ کیدمان، ئەویش لە بواری مەساجدا کاری کردووە، ئەمەش کاتێک دەستی پێکردووە کە دایکی تووشی شێرپەنجە بووە، بۆیەش مەساجی بۆ دەکرد بۆ ئەوەی یارمەتی بدات تاوەکو ئارام بێتەوە، دواترلە رێگەی ماەساجەوە پارەی دەستدەکەوت.

"جێنیفر لۆپێز" لە کۆمپانیایەکی یاساییدا کارێکی دۆزیەوە، پێش ئەوەی بچێتە بواری گۆرانی و نواندنەوە، هەروەها "کانی وێست" بەشێک لە ساڵانی هەرزەکاری وەک کارمەندی فرۆشتن لە یەکێک لە گرنگترین فرۆشگاکانی جلوبەرگی ئەمەریکی بەسەر بردووە. دەڵێت هەر لەوێ عاشقی جل و بەرگ بووە، دواتر دەستی کردووە بە پلاندانان بۆ ئەوەی بچێتە ناو مەیدانەکەوە، تەنانەت لە گۆرانی "Spaceship" باسی ئەو ئەزموونە دەکات.

هەندێک لەو ئەکتەرانە رێگایەکی مەترسیدارتریان هەڵبژاردووە، وەک ئەکتەر "سیلڤێستەر ستالۆن" کە ناسراوە بە رامبۆ، خەریکی پاککردنەوەی قەفەزی شێرەکان بوو لە باخچەی ئاژەڵانی "سەنتراڵ پارک" لە نیویۆرک.

سیلڤستر ستالۆن
سیلڤستر ستالۆن

 

سەبارەت بە "بیۆنسێ"، پێش ئەوەی بەناوبانگ بێت لە بواری گۆرانی گوتندا، لە ساڵۆنی دایکیدا بەهرەکانی خۆی بەکار دەهێنا، کە پێشتر نمایشی گۆرانی و سەمای بۆ کڕیارەکانی لە نێوان تەمەنی شەش بۆ نۆ ساڵیدا رێکدەخست، ساڵۆنەکەی پاک دەکردەوە.

شازادەکانی ئەم سەردەمەش ئەزموونیان هەیە لە کارە ئاساییەکاندا، شازادەی وێڵز، هاوسەری شازادە ویلیام، "کەیت میدلتۆن"، لە فرۆشگایەکی جلوبەرگ لە لەندەن کاری دەکرد، هەروەها بەرپرسیار بووە لە کڕینی ئیکسسوارات بۆ ئەو فرۆشگایە، هاوکات "میگان مارکل" کاری خۆشنووسی لە دوکانێکی کاغەزدا دەکرد، بە دەستنووسە جیاوازەکەی، بانگهێشتنامەی بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری و بۆنە و ئاهەنگەکان دەنووسی، پێش ئەوەی بچێتە بواری نواندنەوە و ببێتە هاوسەری شازادە هاری.

رەنگە دیارترین چیرۆک، چیرۆکی ملیاردێر "جێف بیزۆس" بێت. ئەو پیاوە کە سامانەکەی بە 172 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، دوای ئیلۆن ماسک بە دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان دادەنرێت، لە بەناوبانگترین چێشتخانەی خواردنی خێرا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستیپێکردووە، کە تەمەنی 16 ساڵ بوو، بە سورکردنەوە گۆشت و مریشک و پەتاتە بە سێ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک، ئەو دەڵێت کە فێری پیشەی دەستەبەرکردنی بەرهەمەکە بووە و دواتر لە کۆمپانیا جیهانییەکەی خۆیدا کە ئەمازۆنە بەکاری هێناوە.

مێگان مارکل
مێگان مارکل