قسەیەک دەربارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و پێگەی لایەنە سیاسییەکان

Kurd24

دوابەدوای تەواو بوونی پڕۆسەی هەڵبژرادنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێڕاق و راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، هەندێ لایەنی سیاسیی کوردستان شاگەشکە بوون و دڵیان بە ئەنجامەکان خۆشە، ناحەقیش نین چونکە لە مێژە ئەم چێژیان نەچەشتوە، بەشێکیشیان ئەو ئیمپراتۆریەتەی لە سەر درۆ بونیاتیان ناوە، هاوشێوەی ئەو حزبانەی پێشوتری خۆیان،کە سەری زمان  و بنی زمانیان گۆڕانکاری بوو وەک (کەف)ی سەر شیر هەڵچوون و هەر زووش دامرکانەوە!

پارتی دیموکراتی کوردستان حزبێکی سیاسی گەورە و خودان ستراتیژێکی نەتەوەیی راست و دروست و بێ پێچ و پەنایە، کە نەک لە ناو دۆست و یاران، بەڵکو لە ناو دوژمنیش خاوەن پێگەو قوڕسایی خۆیەتی نەخاسمە کە لەلایەک سەرکردایەتیەکی حەکیم و سەنگینی ئەوتۆی هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ ،عێراق و جیهانیش ریزلێگیراو و حساب بۆکراوە، لە لایەکی تریشەوە پارتی، پارتێکی بە دیسپلین و  پابەندی وایە دەتوانێت جەماوەری لایەنگرو ئەندامانی بە شێوازێک ئاراستە بکات، کە مەرکەزیەتی بڕیار و جێبەجێکردنی پابەندبونەکانی حزب لە بەرزترین ئاستدا بێت ، ئەویش لە پێناو بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کوردستان، چونکە پارتی بەر لەوەی حزبێکی سیاسی بێت پڕۆژەیەکی نەتەوەییە و هەمیشە خۆی بە خاوەنی دۆزی رەوای گەلەکەی دەزانێت ئەگەر چی لەم رێگایەوە تووشی مەترسیش بوبێتەوە  بەڵام لەم پێناوەدا کۆڵی نەداوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، ئەوەی لە رۆژگاری ئێستاشدا رووبەڕووی دەبێتەوە و تەنانەت ئەو قەیرانانەی بۆ کوردستان، خەڵک و حکومەتەکەشی دروستدەکرێن هەر لە سۆنگەی فشار خستنە سەر پارتیە.

پارتی لەم هەڵبژاردنەدا،کە تاوەکو ئێستا دەرئەنجامی کۆتاییەکەی رانەگەیەندراوە، لە سایەی ئەو ژمارەی دەنگ و کورسیانەی کە مسۆگەری کردوون ، پێگەی سیاسیەکەی بەهێزەوە پارێزراوە، بەراورد بە ژمارەی ئەو دەنگانەی  کە لە هەڵبژاردنی رابردوو بەدەستی هێناون، سەرەڕای ئەوەی کە قوڵایی پێگەی جەماوەری و ستراتیژی پارتی لە هەرێمی کوردستانە نەوەک عێڕاق و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە کاتێکدا لەلای پارتی هەموو ناوچەکانی کوردستان بە یەک چاو سەیر دەکرێت و تەنانەت پارتی گەورەترین شۆڕشی کوردی کردە قوربانی شاری کەرکوک و ئەم شارەی بە دڵی کوردستان ناساندوە.

بە گوێرەی یاسای ژمارە(4)ـی ساڵی 2023 هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکانی عێڕاق ژمارە (12) ی ساڵی 2018، ژمارەی کورسی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە (42) کورسی کەمکراوەتەوە بۆ (15) کورسی و هەروەها ژمارەی کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کەمکراوەتەوە بۆ (26) کورسی ئەمەش بە واتای ئەوە دێت، کە بەپێ رێژەی ئەو کورسیانەی کە لە ئەنجومەنی پارێزگاکان بە گشتی و هەردوو پارێزگای ناوبراو کەمبۆتەوە، دەکرێت ژمارەی کورسیەکانی لایەنە سیاسیەکانیش کەمبێتەوە، بەڵام لێرەدا ئەوەی گرنگە کۆی ژمارەی دەنگەکانە، کە پارتی لەم روەوە نەک کەمی نەکردوە بەڵکو بە تێکەڵکردنی کۆی ژمارەی هەردوو پڕۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت ژمارەیەکی بەرچاو دەنگەکان زیادیان کردوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە چەندین رێگری و پێشێلکاری جددی رووبەڕووی دەنگدەران و بریکارانی قەوارەی سیاسیی پارتی بوونەوە وەک (گرتن، دەرکردن ، چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەکردن).

دووپاتی دەکەینەوە کە ژمارەی دەنگ و کورسیەکانی پارتی قەبارەیان بە شێوەیەکە، هیچ قەوارە و لایەنێکی سیاسیی ناتوانێت فەرامۆشی بکات، ئەگەر نیازی رۆڵگێڕانی هەبێت لە حکومەتە ناوخۆییەکانی ئەو پارێزگایانەی کە پارتی قوڵایی سیاسیی تێدا هەیە، چونکە پارتی و سەرۆک بارزانی جگە لە کورد نوێنەری راستەقینەی تەواوی پێکهاتەو چەوساوەکانی سەرتاسەری عێڕاق و بەرگریکاری  سەرسەختی  مافەکانیانن، بۆیەش هیوای زۆریان لەسەر هەڵچنیون.