بەڵگە مێژووییەكان و ئەنجامی هەڵبژاردن؛ كوردستانیبوونی كەركووك دەسەلمێنن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەڵگە مێژووییەكان کوردستانیبوونی کەرکووک دەسەلمێنن. لەدوای ساڵی 2003ـشەوە لە سەرجەم هەڵبژاردنەكان، کورد زۆرینەی کورسییەکانی شارەکەی بەدەستهێناوە.

بەڵگەکانی کوردستانیبوونی کەرکووک کە لە گەورەترین کتێبخانەی شارەکەدا هەن، زۆرن. تاریق کارێز کە خاوەنی کتێبخانەکەیە، وەک نووسەر و شارەزایەکی مێژوو؛ ڕۆژانە کۆڕ، سیمینار و گفتوگۆی رۆشنبیری لەبارەی کەرکووکەوە لە کتێبخانەکە بەڕێوە دەبات و بەڵگەکان بۆ ئامادەبووان دەخاتەڕوو.

تاریق کارێزی دەڵێت، "نەتەوەی کورد لەم جۆگرافیاییەدا (جۆگرافیای کەرکووک، گەرمیان و شارەزوور) دروست بووە. نەتەوەکانی دیکە کە ئێستا لە کەرکووکن یان لە رابردوودا لە کەرکووک بوون، لە دەرەوەی جۆگرافیای کەرکووک دروستبوون و، بە کۆچ هاتوون بۆ ئەم شارە".

بە گوتەی  تاریق کارێزی، شاری کەرکووک "پایتەختی باپیرانمان بووە. هەم قەڵاکەی و هەم هەردوو شاری ئارابخا و نووزی، باپیرانی کورد، نەتەوەی گەورەی زاگرۆس و گوتی هەزاری سێیەمی بەر لە زاینییەوە دروستیکردوون و دایمەزراندوون. ئینگلیزییەکان کە هاتوون و سەرژمێرییان کردووە، هەر کورد زۆرینە بووە. نەک هەر لە کەرکووک، لە تەواوی ویلایەتی مووسڵ".

سەرژمێرییەکانی ساڵی 1922ـی کۆمەڵەی گەلان و 1957ـی حکومەتی ئەوکاتی عێراق دەیسەلمێنن زۆرینەی دانیشتووانی کەرکووک لە کورد پێکهاتوون، لەدوای ساڵی 2003ـشەوە لە سەرجەم هەڵبژاردنەكان کورد زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێناوە.

بەتەمەنترین پیاوی کەرکووک بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کرد و دەنگی بۆ کوردستانیبوونی کەرکووک دا. بەهائەددین دەروێش تاهیر تەمەن 111 ساڵ کە خۆی، باوک و باپیریشی لە کەرکووک لە دایکبوونە؛ دەڵێت، لەوەتەی بەبیری دێت هیچ عەرەبێک لە شارەکە بوونی نەبووە.

بەهائەددین دەروێش ئاماژە بەوە دەدات، "پێکهاتەی عەرەب پێشتر لەم شارە بوونی نەبووە؛ کەرکووک شاری کوردە و کورد وازی لێ نەهێناوە، بەڵام ئێستا دەسەڵاتی لێ نییە".

لە سەرجەم پڕۆسەکانی هەڵبژاردن، کورد لە پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووک زۆرینەی دەنگ و کورسییەکانی بەدەستهێناوە کە وەکو بنەمای نەتەوەی زۆرینەش پشتی پێدەبەسترێت.