دەستەی ئامار: ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە

دیمەنێکی هەولێر - فۆتۆ: سەسەن مەلەکی
دیمەنێکی هەولێر - فۆتۆ: سەسەن مەلەکی

K24 - هەولێر

بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، ژمارەی دانیشتووان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە و ئێستا تێکڕای ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 كەس.

ئەمڕۆ شەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2023، گوهدار محەممەد، بەرپرسی ئامارەکانی دانیشتوان و هێزی کار لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەپێی هاوکێشەکان و پێوەرە ئامارییەکانی پشتبەستوو بە رێژەی گەشەی ساڵانە و رێژەکانی بەپیتی و رێژەکانی مانەوە، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2022 بەمشێوەیە: پارێزگای هەولێر، دووملیۆن و 346 هەزار و 364 کەس، پارێزگای دهۆک یەک ملیۆن و 730هەزار و 88 کەس، پارێزگای سلێمانی، دووملیۆن و 230 هەزار و 169 کەس، هەڵبجەش 119 هەزار و 615 کەس بووە".

روونیکردەوە، ژمارەی دانیشتووانی ساڵی 2023 زیاتربووە کە بەمشێوەیە: پارێزگای هەولێر، دووملیۆن و 556هەزار و 752 کەس، پارێزگای دهۆک، ملیۆنێک و 772هەزار و  367 کەس، پارێزگای سلێمانی، دوو ملیۆن و 269 هەزار و 439 کەس، پارێزگای هەڵەبجە، 121 هەزار و 721 کەس".

گوهدار محەمەد، گوتیشی: "بەپێی داتاکان بۆ ساڵی 2022، تێکرای ژمارەی دانیشتووان، شەش ملیۆن و 426 هەزار و 236 کەس بووە، لە ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بووە بە  شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 کەس، بەمەش ژمارەی دانیشتووان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر لە 130 هەزار کەس زیادیکردووە".

ئا: لاڤین عومەر