شانۆکار ساوێن ئاراس: هەرکارێک گوزارشت لە ئازار و سەختی ڕابردوومان بکات،کارێکی سەرکەوتوانەیە

ساوێن ئاراس
ساوێن ئاراس

K24 – هەولێر :

ئەکتەر و شانۆکار ساوێن ئاراس، لە شانۆیی خاڵە ڤانیا و ماڵی بووکە شووشە و شالیر و گەمەی دروستکەر و ژووری ژمارە شەش، لەگەڵ چەندین کاری شانۆیی دیکە وەکو ئەکتەر بەشدای کردووە، کاری دەرهێنانیشی بۆ شانۆیی بووکە شووشەی فەرامۆشکراو و شانۆی دەستوور و بەدەر لە دەستوور کردووە.

ساوێن ئاراس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کوردستان 24 دەڵێ: من لە کارەکانمدا خاوەنی خەونی گەورە و ئیرادەی بەهێزم لە کارەکانی خۆمدا، بە بیرۆکەی جوان و جیاواز دەمەوێت سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنم.

ئەو ئەکتەر و شانۆکارە باس لە کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات و دەڵێ: لە سەردەمی پەیمانگا و لە دەرەوەی پەیمانگادا، وەکو ئەکتەر بەشدار بووم لە کاری شانۆیی خاڵە ڤانیا و ماڵی بووکە شووشە و شالیر و گەمەی دروستکەر و ژووری ژمارە شەش، دەشڵێ: کاری دەرهێنانم بۆ شانۆیی بووکە شووشەی فەرامۆشکراو و شانۆی دەستوور و بەدەر لە دەستوور کردووە، وەک ئەکتەریش ڕۆڵی سەرەکیم  لە کورتە فیلمی هێشوو بینی لە دەرهێنانی فازیل قەساب.

لەبارەی کار و پرۆژەی نوێی هونەری خۆی، ساوێن ئاراس ئاشکرای کرد، ئێستا لە نوێترین کارم، وەک ئەکتەر بەشدارم لە درامای باڵەخانە لە نووسین و دەرهێنانی دڵشاد حوسێن، دەشڵێ: من لە کارەکانمدا خاوەنی خەونی گەورە و ئیرادەی بەهێزم لە کارەکانی خۆمدا، بە بیرۆکەی جوان و جیاواز دەمەوێت سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنم.

لەبارەی گرنگیی سینەما و شانۆش پێی وابوو، هەردوو هونەرەکە بۆ ئێستای کوردستان گرینگە لەپێناو  هۆشیار کردنەوەی تاکەکان، بە تێڕوانینی ئەو، سینەما و شانۆ پەیامی کۆمەڵگایە، هەموو وشە نەوتراوەکان دەتوانرێت لەسەر تەختەی شانۆ بگوترێت، دەڵێ: لە ڕێگای سینەما و شانۆوە دەتوانین دەنگی خۆمان بە جیهان بگەیەنین و ئێش و ئازارەکانمانی تێدا باس بکەین، دەبێت بینەریش زیاتر گرینگی بە هونەری خۆماڵی بدات، چونکە سینەما و شانۆی کوردی زۆر پێویستی بە بینەری جددی هەیە.

سەبارەت بە خواستی بینەری کورد، ساوێن ئاراس ئامژەی بەوە کرد، بە هۆی ئەو کارەساتە خوێناوی و مەرگەساتانەی بەسەرمان هاتووە زیاتر بیرکردنەوەمان بەستراوەتەوە بەو جۆرە ئایدیایەوە، بەشێوەیەکی گشتی هەرکارێک گوزارشت لە ئازار و سەختی ڕابردوومان بکات تا ڕادەیەک کارێکی سەرکەوتوانەیە. لە ئێستاشدا زۆربەی کارەکانی ئێمە باس لە ئازار و ناڕەحەتیەکانی کۆمەڵگا.

دەستور بە دەر لە دەستور" لە نوسینی بیرتول برێشت و  وەرگێڕانی فازیل قەساب، ساوێن کاری دەرهێنانی بۆ ئەو نووسراوە شانۆییە کردووە، تێیدا شانۆییەکە باس لە  ململانێی نێوان سەرمایەدارو چینی چەوساوە دەکات.

ئەکتەر و شانۆکار ساوێن ئاراس، تەمەنی ٢١ ساڵە و لە سلێمانی لەدایک بووە، لە ساڵی  ٢٠٢١ پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی شانۆ- دەرهێنانی تەواو کردووە، ئێستایش قوتابی کۆلێژی هونەرە جوانەکانە لە بەشی سینەمادا.