جووتیارانی کوردستان خەمی بە بازاڕکردنی بەروبوومەکانیان نامێنێت

kurdistan24.net

K24 - هەڵەبجە

هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ناساندنی بەروبوومی جووتیاران و دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان، وایکردووە جووتیاران لە جاران زیاتر زەوییەکانیان بە چەندین جۆر بەروبوومی جیاواز دابچێنن.

خەسرەو جاف، جووتیارێکی دەشتی شارەزوورە و دەڵێت: "جێگای شانازی و دەستخۆشییە کە حکومەت دەستیکردووە بە هەناردەکردن و بە بازاڕکردنی بەرووبوومی جووتیاران، دوای هەناردەکردنی چەند جۆر بەرهەمێکی جووتیاران نێردراوەتە دەرەوەی وڵات و خواستی زۆری لەسەرە، ئێمەش پشبەست بەو هەوڵە گرنگانەی حکومەت، هەوڵدەدەین بەرهەمەکانمان لەو جۆرانە بێت کە لە دەرەوەی وڵات خواستی لەسەرە".

ئەو جووتیارە دەڵێت: "ئێستا جووتیارەکان لە کێبڕکدان بۆ ئەوەی بەروبوومی باشتر بەرهەم بهێنن بۆ ئەوەی لە بازاڕەکان بە زووترین کات ساغ بکرێنەوە".

گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بەروبوومی ناخۆو دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان، وایکردووە جووتیاران دووهێندی ساڵانی رابردوو گرنگی بە زیادکردنی بەروبووم بدەن. ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم گرنگی دانە بە بەرھەمی ناوخۆ و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان بەتایبەتی بۆ بازاڕەكانی دەرەوە.

هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە کوردستان24ی گوت: "لەم ماوەی چەند ساڵی رابردوو بەتایبەتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باش نراوە و ریکۆردی زۆر گرنگمان تۆمارکرد، سەرەڕای ئەوەی کە بودجەی پێویستمان لەبەر دەست نەبووە".

گوتیشی: "تائێستا بڕی هەشت هەزار تۆن پەتاتە، زیاتر لە سێ هەزار تۆن هەنار، سەدان تۆن برنج، هەنگوین بە پاکێجی باش و سێوی بەرواری باڵای هەناردەی دەرەوەی وڵات کردووە".

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاند: "وەزارەتی کشتوکاڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیران، هەموو فەرمانگەکانی رێکخستووە و لیژنەی بە بازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی رێکخستووە".