شانۆگەری دەروێش یان گۆدۆ  نمایشکرا

شانۆیی دەروێش یان گۆدۆ
شانۆیی دەروێش یان گۆدۆ

K24-هەولێر :

بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، میوانداری شانۆیی(دەروێش یان گۆدۆ) ی شانۆکارانی دهۆک دەکات، ئەو شانۆییەی پێشتر لە کەرکووک نمایشکرا.

نووسەری شانۆیی ( دەروێش یان گۆدۆ)، هەلکەت ئیدریس بە کوردستان 24-ی ڕاگەیاند: بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی میوانداری کردین بۆ نمایشکردنی شانۆکەمان.

 گوتیشی: چیرۆکی نمایشەکە، کۆمەڵێک شانۆکارن باس لە ژیان و بێ کەسی خۆیان دەکەن لە ناو ژیاندا، ئاماژە بەوشدەکات، ئەو گروپە شانۆکارانە دەبنە دوو بەش، بەشێک حەز دەکات شانۆی چاوەڕوانی گۆدۆ نمایش بکات و بەشەکەی دووەم حەز دەکەن نمایشی شانۆیی دەروێشی عەبدی نمایش بکەن، لە کۆتاییدا شانۆیی چاوەروانی گۆدۆ بەفۆرمێکی کوردی پێشکەش دەکەن.

هلکەت ئیدریس راشیگەیاند: شانۆگەریەکە لە دەرهێنانی حەمرین جەمیلە کە ئەمڕۆ  یەکشەممە ( 24-ی کانوونی یەکەمی 2023)، لە هۆڵی بەدیعە دارتاش لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی نمایشکرا.

فەرهاد عەبدوڵڵا محەمەد، سەرۆکی بەشی شانۆ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بە کوردستان 24-ی راگەیاند: سبەیش ( 25-ی کانوونی یەکەمی 2023)، شانۆکارانی دهۆک شانۆیی ( کولاڤ و پەیک ) لە ئامادەکردنی عادل حەسەن، لە نووسینی غەسان کەنفان کە ها عەبدولعەزیز کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە، لە هۆڵی بەدیعە دارتاش نمایش دەکرێت.

سەرۆکی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی  ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دوو شانۆگارییە بەلای ئێمەوە دوو کاری شانۆیی نایاب بوون، پاش ئەوەی لە کەرکووک دەنگدانەوەی دروستکرد، پێمان خۆشبوو شانۆگەرییەکان لە سلێمانیش نمایش بکرێن، شانۆگەرییەکان کاری هونەری بەرێوەبەرایەتی هونەریی دهۆک و زانکۆی دهۆکە.

0