لە دوو ساڵدا ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی 116 هەزار کەس زیادیکردووە

گرووپە چەکدارەکانی عێراق
گرووپە چەکدارەکانی عێراق

K24 – بەغدا:

تەنیا لەماوەی دوو ساڵدا ژمارەی ئەندامانی گرووپەکانی حەشدی شەعبی 116 هەزار کەس زیادیکردووە و لە 15%ـی بودجەی ئەمساڵی عێراق بۆ كەرتی ئەمنی و سەربازی تەرخانکراوە.

زیادكردنی ئەندامانی حەشدی شەعبی كە لە بودجەی عێراقەوە پارەداردەكرێن، بووەتە بارگرانییەكی دیكە لەسەر دۆخی ئابووری عێراق، وێڕای ئەوەش ئەو گرووپانە بوونەتە سەر ئێشە بۆ حكومەتی عێراق و زۆرجار لە دەرەوەی حكومەت جموجوڵی سەربازی دەكەن و قەیرانی سیاسی دروست دەكەن.

هەرچەندە عێراق بەفەرمی سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاندووە، بەڵام تەنها لەماوەی دوو ساڵدا ژمارەی ئەندامانی گروپەکانی حەشدی شەعبی 116 هەزار کەس زیادیکردووە، لەبودجەی ساڵی 2021ـدا ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی بە 122 هەزار کەس دانرابووە بەڵام بەپێی راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە بودجەی ساڵی 2023ـدا ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی بۆ 232 هەزار و 75 کەس بەرزبووەتەوە.

موخەلەد حازم، چاودێری سیاسی بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "سەقامگیری عێراق پێویستی بە بناغەی ئەمنی و سەربازی هەیە، ئەمڕۆ عێراق پێویستی بە هێزی راهێندراو و چەکی پێشکەوتوو هەیە، بەڵام هەموو ئەمانە پێویستیان بەوە هەیە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و حکومەت سەرپەرشتی بکات".

لە 15% بودجەی ئەمساڵی عێراق بۆ کەرتی ئەمنی و سەربازی تەرخانکراوە، لەئێستادا ژمارەی هێزە سەربازییە عێراقییەکان بە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و حەشدی شەعبی زیاترە لە ملیۆنێک و 600 هەزار چەکدار، ساڵانەش ئەم ژمارانە زیاتر دەبن و بە بارگرانییەکی دیکە لەسەر دۆخی ئابووری عێراق دادەنرێت.

لەوبارەیەوە، سەباح عگێلی، شارەزای بواری ئابووری بۆ کوردستان24 روونیکردەوە: "زۆربوونی هێزەکان بارگرانی لەسەر بودجە دروست دەکات، ئێمە ئێستا پێویستمان بەوەیە پەرە بەم هێزانە بدەین بەڵام زیادکردنی ژمارەی هێزە سەربازییەکان بارگرانییەکی دیکەیە لەسەر بودجە".

بودجەی ساڵی 2023ـی دەستەی حەشدی شەعبی بریتییە لە سێ تریلیۆن و 468 ملیار و 754 ملیۆن دینار بۆ مووچەی چەکدارەکان و 58 ملیار و 148 ملیۆن دینار بۆ کەرەستە و کەلوپەل، شەش ملیار و 521 ملیۆن دینار بۆ خزمەتگوزاری و 14 ملیار و 578 ملیۆن دینار بۆ چاکردنی ئامێرەکان تەرخانکراوە.