سوپای سوید هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی خۆی لە ئەگەری روودانی  جەنگ لەگەڵ رووسیادا

سوێد
سوێد

K24 – هەولێر :

سەرۆکی ئەرکانی سوپای سوێد، هۆشداری دایە هاووڵاتیانی سوید خۆیان بۆ هەموو  ئەگەرێکی جەنگ لەگەڵ رووسیا دا ئامادە بکەن، ئەو هۆشدارییەش دڵەڕاوکیی لای هاووڵاتیانی سوێدی دروستکردووە.

میکایل بیدێن، سەرۆکی ئەرکانی سوپای سوێد رایگەیاند: دەبێ خۆ بۆ ئەوە  ئامادە بکرێت جەنگ لە سوێد رووبدات، هەروەها گوتی: لەپاش جەنگی جیهانی دووەمەوە، باردۆخی سوێد هیچ کات وەکو ئێستا هەستیار نەبووە.

سەرۆکی ئەرکانی سوپای سوێد رایگەیاند: رووسیا هەڕەشەی یەکەمە لەسەر سوێد، بۆیە بە پێویستی دەزانێت کۆمەڵگەی سوێد لەسەر هەموو ئاستەکان ئامادەباشی بکات، ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەرکانی سوپای سوێد دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتیانی سوید دروستکرد.

مولازمی یەکەم رەهێڵ ئازاد  ئەفسەری یەدەگ لە سوپای سوێد بە  بەشی کوردیی رادیۆی سوێدی راگەیاند: هۆشدارییەکانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای سوێد، بۆ باشتر ئامادەکارییە بۆ ئەگەری کەوتنەوەی جەنگ.

ئەو ئەفسەرە کوردە کە لە ریزی سوپای سوێدە ئاماژەی بەوە کرد، هۆشدارییەکە بۆ ئەوەیە هاووڵاتیان ئاگادار بن لە ئەگەری روودانی جەنگ، بۆیە دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتیان دروستکردووە، چونکە زۆر دەمێکە سوێد لە جەنگ دوور کەوتۆتۆتەوە و ئێستا هیچ خۆی بۆ ئەگەرێکی لەو شێوەیە ئامادە نەکردووە.

ئەو ئەفسەرە کوردە دەڵێت: گەلی کوردستان بەهۆی ئەو بارودۆخە ناچارانەی هاتوونەتە پێشیەوە، لەگەڵ بارودۆخەکانی جەنگ و شەڕ ڕاهاتوون و دەتوانن خۆیان بگرن، بەڵام هاووڵاتیانی سوێد لەگەڵ هاتنە پێشەوەی بارودۆخێکی لەو شێوەیە، ناتوانن خۆیان بگرن چونکە بیریان لە ئەگەرێکی وەها نەکردۆتەوە.

رۆژی سێشەممە 26/12/2023، کۆمسیۆنی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتاری ئەنقەرە لەسەر لیستی ئاکپارتی فواد ئۆکتای کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بوراک ئاکچاپار، لەبارەی قۆناغی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ زانیاری دایە کۆمسیۆنەکە و ئەندامانی کۆمسیۆنەکەش لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی سوید لە رێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ) بە گونجاو زانرا و پەسەند کرا.