وەزارەتی بەرگری تورکیا کوژران و برینداربوونی 13 سەربازی راگەیاند

سەربازانی تورکیا - وێنە: وەزارەتی بەرگری تورکیا
سەربازانی تورکیا - وێنە: وەزارەتی بەرگری تورکیا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بەرگری تورکیا کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە رووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا راگەیاند.

رۆژی هەینی (12ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە رووبەڕووبوونەوەکانیان لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکانی ئۆپراسیۆنی چنگ-قفڵ، پێنج سەربازیان کوژراون و هەشت سەربازی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرایکردووە، لە ئەنجامی هەوڵێکی چەکدارانی پەکەکە بۆ دزەکردن بۆ نێو بنکەیەکی سەربازی لە ناوچەکانی ژێر ئۆپراسیۆنی چنگ-قفڵ، پێنج سەرباز کوژراون و هەشت سەربازی دیکە برینداربوون کە برینی سێ سەربازیان سەختە و سەرجەم بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

هەروەها وەزارەتی بەرگری تورکیا باسی لەوەشکردووە، لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا 12 چەکداری پەکەکەیان کوشتووە و گەڕان بەدوای سەربازانی دیکەش لە ناوچەکە بەردەوامە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هەینی (12ـی کانوونی دووەمی 2024) دژەتیرۆری کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، کاتژمێر 13:20، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بۆ بۆردومانی گرووپێکی چەکدارانی پەکەکەی لە دەڤەری بەرگارە لە نزیک گوندی دێرەش لە ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک کردووە و لە ئەنجامی بۆردومانەکە دوو ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەک و تەقەمەنیی چەکدارانی پەکەکە سووتان و دوو چەکداریش بریندار بوون.