نێچیرڤان بارزانی بەشداریی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی "شەهیدانی عێراق" دەکات

نێچیرڤان بارزانی بەشداریی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی "شەهیدانی عێراق" دەکات (وێنە: شڤان جەباری - کوردستان24)
نێچیرڤان بارزانی بەشداریی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی "شەهیدانی عێراق" دەکات (وێنە: شڤان جەباری - کوردستان24)

K24 - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم کە هاوكاتە لەگەڵ رۆژی "شەهیدانی عێراق"؛ لە بەغدایە. ژمارەیەک کۆبوونەوەش ئەنجام دەدات.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم ، سەرۆکی پێشووی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق و باوکی عەممار حەکیم، سەرۆکی ئێستای ئەو رەوتە، گەیشتە بەغدا.

هەر یەکە لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق و، دەیان  بەرپرسی دیکەی حکومی و حزبی عێراق بەشداریی رێوەڕەسمەکەن.

سەید محمد باقر موحسین ئەلحەکیم التباتبایی ناسراو به‌ محه‌ممه‌د باقر حه‌كیم، مه‌رجه‌عی شیعی و سیاسییه‌كی دیاری عێراق بوو. ساڵی 1939ـی زایینی له‌ پارێزگای نه‌جه‌فی باشووری عێراق له‌دایك بووه‌. رۆژی 29ـی ئابی 2003 دوای پێشكه‌شكردنی وتارێك له‌ مه‌زارگه‌ی ئیمام عه‌لی له‌ نه‌جه‌ف، له‌ رێگه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو تیرۆر كرا. 

محه‌ممه‌د باقر حه‌كیم، یه‌كێك بوو له‌ مه‌رجه‌عه‌ باڵاكانی شیعه‌كانی عێراق و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق بوو، كه‌ یه‌كێك بوو له‌و‌ هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنانه‌ی دژایه‌تی رژێمی سه‌دام حوسێنی ده‌كرد.

کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە هۆڵی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەوە رایگەیاند، چاوەڕێدەکرێت دوای تەواوبوونی رێوەڕەسمەکە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی حکومی عێراق و، لەسەرووی هەموویانەوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24؛ تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراق، هەموارکردنەوەی یاسای گشتیی بودجەی عێراق و داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گاز دەبێت.