چەند لایەنێک هەوڵی بە سیاسیکردنی بڕیار و پڕۆژەکانی حکومەت دەدەن

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

هەرکاتێک حکومەتى هەرێمى کوردستان، بڕیار لەسەر پڕۆژەیەک بدات کە لە بەرژەوەندى هاووڵاتییاندا بێت و هەوڵێک بێت بۆ چاکسازى لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان چ ئەوانەی بەشێکن لە حکومەت یان ئۆپۆزسیۆن، هەوڵى شکست پێکهێنانى دەدەن،و خۆیان وانیشان دەدەن کە دژایەتی دەکەن.

ئەو لایەنانە لە هەندێک شوێن گرفت بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکان دروست دەکەن، بەشێک لە هاووڵاتیانیش پێان وایە بڕیارەکانى حکومەت جێگاى دەست خۆشین و لە بەرژەوەندی گشتین.

کامەران جەلال، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری سلێمانییە دەڵێت: "دەبێت دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێم بکەین بەبۆنەی ئەوەی شتێک هەرزان دەکات، کاتێک نان هەرزان دەکات هەر بابەتێکی تر ئەمە لە هەر وڵاتێک بێت جێگای دەستخۆشیە، هەم لەلایەن ئەوانەی لە حکومەتدان هەم ئەوانەشی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بەداخەوە ئێستا لێرە وایلێهاتووە ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن دژی حکومەت و دژی خاکەکی خۆیانن بە رادەیەک هیچ دوژمنێک هێندە دژمان نەبێت، لە ساڵی 2011ـەوە ئێمە ئۆپۆزسیۆن دەبین بەس خەریکی بنکۆڵ کردن و درووشممە بۆ رووخاندنی حکومەت".

چەند لایەنێکی سیاسی حکومەتى هەرێمى کوردستان یان پێکهێناوە، هەر بڕیارێکیش کە دەربکرێت بە هاوبەشى دەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەندێک کات ئەو حزبانەى کە بەشدارن لە حکومەت، وا خۆیان نیشان دەدەن کە دژى بڕیارەکانن، ئەمەش دیاردەیەکی سەیرە و بە راى چاودیرێکى سیاسی ئەم جۆرە لە هەڵسوکەوت و سیاسیەت کردنە مەبەست لێى چەواشە کردنى هاووتییانە .

لەوبارەوە شەنکار عەبدوڵڵا، چاودێرى سیاسی بە کوردستان24ی گوت: "یەکێک لە کێشە گەورەکان لە کوردستان ئەوەیە بەداخەوە کەم کەس بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت، لەناویشیاندا حزبەکان من هەموو جارێک باسی ئەوەم کردووە کە بەتایبەت ئەوانەی کە شەریکن لە حکومەتدا پێویستە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن لەم وڵاتە، کێشە گەورەکە ئەوەیە تەنها رەخنە دەگرن بەرپرسیارێتی هەڵناگرن، حزبێک کە بەشدار بێت لە حکومەت پێویستە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، بەڵام لە کوردستان بەشێک لە حزبەکان بەرپرسارێتی هەڵناگرن".

ئامانج لە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم خزمەتکردنی هاووڵاتیانە، بەڵام دژایەتی هەندێک لایەنی سیاسی کە پێکهێنەر و بەشداری حکومەتن بە رای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و هاووڵاتییان بۆ وەبەرهێنانی سیاسی و دەنگ کۆکردنەوەیە.