100 رۆژ بەسەر شەڕی غەززەدا تێدەپەڕێت کە زیاتر لە 80 هەزار قوربانی لێکەوتووەتەوە

K24 - هەولێر

دوای 100 رۆژ لە شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هیچ ئاماژەیەک نییە بەم نزیکانە کۆتایی بەم کارەساتە بێت، ئەمەش بە پابەندبوونی ئیسرائیل بە ئامانجی "لەناوبردنی حەماس" و رووخاندنی دەسەڵاتەکەی.

هەرچەندە هێشتا شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە بەڵام کاردانەوەکان دیمەنی ناوخۆی فەڵەستین و ئیسرائیل نیشان دەدەن و هەروەها چەندین بەرەی لە دژی ئەو ولاتە کردووەتەوە، لەوانە حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان و لە هێرشی گروپە چەکدارەکان لە دژی ئەمەریکییەکان لە عێراق و سووریا، هەروەهاهێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئیسرائیل بۆی دەرکەوت کە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی و سەرکردایەتی سیاسییەکەی لە ئانجامی هێرشی "لافاوی ئەقسا" خەوتوون، چونکە هێرشی بزووتنەوەی حەماس ئیسرائیلییەکانی تووشی شۆک کرد و لاوازی سوپاکەیانی نیشان دا کە بنکەکانیان بەزویی کەوتە ژێردەستی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس.

ئیسرائیلییەکان "لافاوی ئەقسا"یان بەراورد کرد بە جەنگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1973، کە حەماس بە سوودوەرگرتن لە جەژنی لێخۆشبوون "یەوم کیبور" هێرشەکەی دەستپێکرد، هەروەک چۆن سوپای میسر و سووریا لە شەڕی 1973 دا کردیان، کە ئیسرائیلییەکان لە هێرشەکەی حەماس لە ساڵی 1973دا دۆڕان و ژمارەی کوژراوەکانیان لەو جەنگەدا گەیشتە دوو هەزار و 656 سەرباز.

لە رووی سیاسییەوە هێرشی حەماس تا ڕادەیەکی زۆر چینی سیاسی دابەشکراوی یەکخست، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکی لیکود توانی "حکومەتێکی جەنگی" پێکبهێنێت کە تیایدا نەیاری سەرەکی خۆی لە ئۆپۆزسیۆندا، بێنی گانتز، لەخۆبگرێت، لەکاتێکدا نەیارەکەی دیکەی، یائیر لاپید، لەدەرەوەی ئەو حکومەتە مایەوە. ئەمڕۆ بە تەواوی روون نییە کە حکومەتی جەنگی ئیسرائیل تا چەند بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە، قسە و باسێکی بەرفراوان هەیە کە گانتز لەو حکومەتە دەربچێت.

هەرچەندە 100 رۆژ بەسەر شەڕەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام پێدەچێت ئەمڕۆ روون بێت کە حەماس هێشتا توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلییەکانی هەیە و زیانێکی زۆری پێگەیاندوون، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە لە هەمان کاتدا لەناو شەڕکەرەکانیدا زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە کە مەزەندە دەکرێت دەیان چەکداری لەدەستدابێت، هەروەها تونێلە گەورەکانیشی لە ژێر شاری غەززە و لە باکووری کەرتەکە لەدەستدابێت.

ئیسرائیلییەکان دەڵێن: سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە تونێلەکان خۆیان حەشارداوە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بارمتەکانی ئیسرائیلی، حەماس لە رووی مەبدەئیەوە رەتیناکاتەوە ئەو کەسانە ئازاد بکات، بەڵام بەو مەرجەی شەڕەکە رابگیرێت، ئەمەش شتێکە کە ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە،چونکە پێداگری خۆی لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکەی دووپات دەکاتەوە کە بریتییە لە نەهێشتنی دەسەڵاتی حەماس و لەناوبردنی تواناکانی.

لێدوانەکانی ئیسرائیل ئەوە دەردەخەن کە تیرۆرکردنەکان بەردەوام دەبن، هەرچەندە یەکێک لەو پێشنیازانە کە لە ئێستادا بڵاودەکرێتەوە بۆ وەستاندنی شەڕەکە ئەوەیە کە سەرکردەکانی حەماس غەززە بەجێبهێڵن و بچنە دەرەوە.

وێنە، دانانی پێڵاوی منداڵان لە گۆڕەپانی ئەمستەردام وەکو هاوسۆزییەک بۆ منداڵانی فەڵەستین
وێنە، دانانی پێڵاوی منداڵان لە گۆڕەپانی ئەمستەردام وەکو هاوسۆزییەک بۆ منداڵانی فەڵەستین

بەبێ گوێدانە هەڵوێستی ئیسرائیل و ئەمەریکا، فەڵەستینییەکان لای خۆیانەوە دەڵێن: ئامادەن لە داهاتووی غەززەدا لە دوای شەڕەوە رۆڵی خۆیان بگێڕن، بەڵام لە چوارچێوەی چارەسەرێکی هەمەلایەنەدا کە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی لە کەناری رۆژئاوا و غەززە و قودسی رۆژهەڵات، لە چوارچێوەی ئەوەی بە چارەسەری دوو دەوڵەتی ناسراوە.

جگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا، دانیشتووان رۆژانە هێرش دەکەنە سەر فەڵەستینییەکان و بەرووبومی کشتوکاڵییان لەناودەبەن و هەندێکجاریش هاووڵاتییان دەکوژن، بەبەر چاوی سەربازەکان، هەروەها دانیشتووان شەڕی غەززە دەقۆزنەوە بۆ فراوانکردنی کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر کەناری رۆژئاوادا، بە فراوانکردن و دامەزراندنی بنکەی نوێی نیشتەجێبوون.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمڕۆ کەرتی رۆژئاوا لە لێواری تەقینەوەیەکدایە کە هەڕەشەی کردنەوەی بەرەیەکی نوێ لە دژی ئیسرائیل دەکات.

راستەوخۆ دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر، حزبوڵڵا هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر پێگەکانی ئیسرائیل لە نزیک سنووری باشووری لوبنان دەستپێکرد، بەهۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و دەیان کەسیش ئاوارەبوون.

تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل 23 هەزار و 700 کەس لە فەلەستین کوژراون، کە 10 هەزاریان منداڵن، زیاتر لە 60 هەزار کەسیش برینداربوون، هەروەها هەزار و 200 ئیسرائیلی لە هێرشەکەی حەماسدا کوژراون و 180 سەربازیشیان لە کەرتی غەززە کوژراون.

هەر سەبارەت بەزیانەکان، 370 قوتابخانە زیانی پێگەیشتووە یان رووخاون، هەروەها 94 نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی کەوتوونەتە بەر هێرشەکانی ئیسرائیل، کە بەهۆیەوە هەزار منداڵ یان قاچێک یان دوو قاچیان لەدەستداوە.