سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر: پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆککۆماری عێراق "بە توندی" سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر دەکات و دەڵێت، "پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە و پێویستە کێشەکان لەرێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکرێن".

ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، "بە توندی" سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات.

سەرۆککۆماری عێراق هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل شەهید و برینداربوون، بە "پێشێلکردنی سەروەریی عێراق" ناوبردووە و دەڵێت، "ئاسایش و سەقامگیری وڵات تێکدەدات".

بە گوتەی لەتیف رەشید،  چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی "دیالۆگی هاوبەشی بونیادنەرەوە دەبێت، نەک لە رێگەی هێرشی سەربازییەوە کە هەڕەشە لە سەقامگیری عێراق و هەموو ناوچەکە دەکەن".

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.

دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".

لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد "هەڵوێستی توندیان بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان هەبێت".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "لەسەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ". گوتیشی، "لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان".