حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان هێرشەکەی سەر هەولێر شەرمەزار دەکات

لۆگۆی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
لۆگۆی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

K24 - هەولێر

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆردومانی سەر شاری هەولێر شەرمەزار دەکات و دەڵێت، مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان دەخوازێت ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییە بالیستییەی شەوی رابردووی سەر هەولێر کرد و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان دەکات "هەڵوێستی جیددی بنوێنن بۆ رێگری لەم جۆرە کردەوانە".

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان هەروەها داوا لە نەتەوەیکگرتووەکان و ڕای گشتی جیهان دەکات "لە ئاست ئەم جۆرە کردەوانە" هەڵوێستیان هەبێت.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "مەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان دەخوازێت کە ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و بەیەک سیاسەتی نیشتمانی و کوردستانی لەبەردەم ئاڵنگارییەکان بوەستنەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.

دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".