ئەژی ئەمین: دەبێت وڵاتانى دراوسێ وانەیەک لە مێژووى شکستخواردووى رژێمى پێشوو وەربگرن

K24 - هەولێر

ئەژى ئەمین رایگەیاند، بەتوندى ئیدانەی هێرشى ترسنۆکانەى دوور لەهەموو یاسا و ئەخلاقى سیاسیى و نێودەوڵەتی و ئاینی وڵاتێکى دراوسێى هەرێمى کوردستان دەکەم.

ئەژى ئەمین، سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، هێرشى ترسنۆکانەى دوور لەهەموو یاسا و ئەخلاقى سیاسیى و نێودەوڵەتی و ئاینی وڵاتێکى دراوسێى هەرێمى کوردستان بەتوندى ئیدانە دەکەم.

گوتیشی: ئەگەر ئەوان خەیاڵى ئەوە دەکەن بە هێرش و پەلامارى ترسنۆکانە، بەبیانووى نائەخلاقى و بێبنەما، بیانەوێت ئیرادەى گەلەکەمان بڕووخێنن، ئەوا گرەوى شکستخواردووى چەند ڕژێمى ناوچەکە شایەدى ئەوەن گەلەکەمان تا دوادڵۆپى خوێن لە خەبات بەردەوام بووەو دەبێت، دوژمنانیش شوێنیان زبڵدانى مێژووە، هەروەها گەلەکەمان هەزاران شەهیدى داوە، بەڵام هەرگیز لە خەباتى کوردایەتی کۆڵنادەین.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر بەرپرسانێکى بەویژدان لەناو حکومەتى عێراقدا هەن، ئەوا پێیاندەڵێم سەرکردایەتى سیاسیى عێراق ئاگاداربکەنەوە کە چیتر بەم بێڕەوشتییە حکومڕانى عێراق ناکرێت، هەموومان باش لەو یارییە تێدەگەین کە هەندێ هێزى سیاسیى و ئەمنی عێراق پشتیوانی جموجوڵى هەندێ گروپى مافیاى تیرۆریستیى داواکراوى نێودەوڵەتى دەکەن و لەژێر چەترى حکومەتى عێراق و دامودەزگاکانیدا هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە فەرمییەکان و ناوچە مەدەنییەکانى هەرێمى کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت وڵاتانى دراوسێ و بەرپرسانى ئێستاى حکومەتى عێراق وانەیەک لە مێژووى شکستخواردووى رژێمى پێشوو وەربگرن.

دەشڵێت: سەرکردایەتى سیاسیى و مەزهەبى عێراق و وڵاتانى دراوسێ ئاگاداردەکەینەوە، با بەوە تێنەکەون کە هەندێ کەس لەناوخۆى هەرێمەوە دەستیان لەگەڵدا تێکەڵ بکەن، ئەو کەمینەیە هەرگیز نوێنەرایەتى میللەتى کورد و ئیرادەکەى ناکەن، گومانى تێدانیە، چارەنووسى ئەوانەى خیانەت لە میللەتى خۆیان دەکەن، سەرشۆڕى و زبڵدانى مێژووە.

باوڵاتانى دراوسێى هەرێم چیتر پەتى ئارامیى گەلى کورد تاقینەکەنەوە، چاومان لەسەریانە و باش دەزانین خەریکى چین.