شێخ عەلی حاتەم: بۆردومانکردنی هەولێر تاوانکارییە و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە

شێخ عەلی حاتەم، سەرۆکی هۆزەکانی دلێم
شێخ عەلی حاتەم، سەرۆکی هۆزەکانی دلێم

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هۆزەکانی دلێم لە پەیامێکدا ئیدانەی بۆردومانە تاوانکارییەکەی سەر هەولێر دەکات و داوادەکات سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنرێت.

رۆژی چوارشەممە (17ـی کانوونی دووەمی 2024) شێخ عەلی حاتەم، سەرۆکی هۆزەکانی دلێم پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی حکومەت و گەلی کوردستان کردووە بۆ کۆچی دوایی چەند هاووڵاتییەک لە هێرشە مووشەکییەکی درەنگانی شەوی دووشەممە بۆ سەر هەولێر.

شێخ عەلی حاتەم وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانییەکان و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، بۆردومانە مووشەکییەکە سەر شاری هەولێر بە تاوانکاری وەسفدەکات کە هاووڵاتییانی بێ تاوانی کردووەتە ئامانج.

هاوکات سەرۆکی هۆزەکانی دلێم بە پێویستی دەزانێت سنوورێک بۆ ئەو جۆرە پێشێلکارییانە دابنرێت کە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری عێراقە.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە.

0