فوئاد حوسێن: ئێران بە زمانی مووشەك قسە دەکات

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی عێراق، سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، رایگەیاند، ئێران بە زمانی مووشەک قسە دەکات و هیوادارن واز لەو زمانە بێنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (17ـی کانوونی دووەمی 2024) فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پاساوی بوونی بنکەی مۆساد لە هەرێمی کوردستان راست نییە و ئێران بە زمانی مووشەک قسە دەکات و هیوادارن واز لەو زمانە بهێنن.

ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراویان سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بڵاوکردەوە و بە توندی ئیدانەیان کرد.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".