پیتەر گالبرێس: ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر هەولێر ناتوانێت وەبەرهێنان و پێشووەچوونی کوردستان رابگرێت

پیتەر گالبرێس
پیتەر گالبرێس

K24-هەولێر:

سیاسەتمەدار و دیبلۆماتکارێکی ئەمریکی پێی وایە، ئێران بەو هێرشەی کردیە سەر هەولێر، زیانی بە پەیوەندییەکانی خۆی گەیاند لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، پێشی وایە ئێران باش دەزانێت ئەو شوێنەی بۆردومانی کردووە، بنکەی سیخوڕی و مۆڵگەی ئیسرائیل نییە، دەشڵێت: ئەو هێرشە ناتوانێت وەبەرهێنان و پێشووەچوونی کوردستان رابگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە(17ی کانوونی دووەمی 2024)، پیتەر گالبرێس سیاسەتمەدار و دیبلۆماتکاری ئەمریکی لەبارەی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، چونکە هێرشکردنە بۆ سەر وڵاتێکی دۆست و دراوسێ کە عێراقە، دەشڵێت: بەهۆی هێرش و پێشێلکارییەکانەوە خاوەنکارێکی دیاری کوردی شەهید کردووە ئەو کاتەی لەگەڵ خێزان و منداڵ و هاوڕێکەی لە ماڵەکەی خۆیدا بووە، پێی وایە ئەوەی ئێران هێرشی کردۆتە سەر لە هەولێر بنکەی مۆساد نەبووە، ئێران خۆشی دەزانێت کە ئەوە راست نییە.

لەبارەی ناڕەوایەتی ئەو هێرشەی ئێران کردیە سەر هەولێر، گالبرێس پێی وایە، ئەو هێرشە زۆر زیان بە ناوبانگی ئێران دەگەیەنێت و، وای لێدەکات خەڵکی کوردستان رقی لە ئێران ببێتەوە، دەڵێت: ئێستا عێراقیش کە نزیکترین دۆستی ئێرانە، وردە وردە پشتی تێدەکات، ئەو کردەوانەی ئێران وا دەکات هەموو جیهان رقی لێی بێت و پەراوێزی بخات، بۆیە کوشتنی خەڵکی سڤیل کە هیچ پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە، توڕەیی بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت: ئەو هێرشە ناتوانێت وەبەرهێنان و پێشووەچوونی کوردستان رابگرێت، بەڵکو ئەو شۆڕشە بەردەوام دەبێت.

گالبرێس ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە هەرێمی کوردستان فشار بخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی هەڵوێستی توندتر بەرامبەر بە ئێران وەربگرێت، دەشڵێت: لەسەر هەرێمی کوردستانە فشار بخاتە سەر وڵاتانی دیکە، چونکە ئەو هێرشە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت کە خەڵکی سڤیل، ئەوەی هیچ پەیوەندی بە سیاستەوە نییە لەنێو ماڵەکەی خۆیدا بکوژێت.

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی دیداری سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، پیتەر گالبرێس پێی وابوو، هەڵوەشاندنەوەی دیدارێک کە کاتی بۆ داندراوە، پەیامێکی زۆر بەهێزە کە ئیتر عێراق دۆستی ئێران نییە، بەو شێوەیەش دەردەکەوێت ئێران نزیکترین دۆستی خۆی لێهەڵگەڕاوەتەوە، دەشڵێت: پێویستە حکومەتی عێراق زۆر هەستیار و وریایانە مامەڵە بکات کاتێک وڵاتێکی دراوسێ هێرشی دەکاتە سەر، دەبێت وەڵامدانەوەی هەبێت.

لەبارەی هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، پیتەر گالبرێس گوتی: ئەنجوومەنی ئاسایش بە دڵنیاییەوە قسە لەسەر ئەو سکاڵایەی عێراق دەکات کە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئێران بۆی بەرز کردۆتەوە، هەرچەند بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە ئەنجوومەنی ئاسایش دابەشبوون، دەڵێت: بۆ کردەوەیەکی لەو شێوەیە، پێم وا نییە کەس پشتگیریی لە ئێران بکات، چونکە ئێران کەسێکی خاوەنکاری کوشتووە کە هیچ پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە نەبووە و هیچ چالاکییەکی دژی ئێران نەکردووە، ئەو کردەوەیە بە هەڵە ئەنجام نەدراوە، بەڵکو زۆر بە وردی بەمەبەست ئەنجامدراوە، ئێران دەیەوێت کێشەکانی ناوخۆی ئێران بگوازێتەوە بۆ ناوچەکە، خەڵکی توڕەی ئێران و بەتایبەت ئەوانەی کە پێیان وایە دامەزراوە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە خەڵکی بپارێزن لە کردەوەکەی کرمان، دەیەوێت ئەو تۆڕەییانە بباتە دەرەوەی وڵاتەکەی.

سیاسەتمەدارە ئەمریکیەکە دەڵێت: ئێران ناتوانێت هێرش بکاتە سەر ئەوانەی هێرشیان کردە سەری، هێرش دەکاتە سەر خەڵکی سڤیل لە پاکستان و هەرێمی کوردستان چونکە هیچ پەیوەندییان بەو هێرشانەی سەر ئێرانەوە نەبووە، دەیەوێت لەو رێگەیەوە بە خەڵکی خۆی بڵێت تۆڵەی ئەو خەڵکەی کردۆتەوە کە لە کرمان کوژران، بێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک بدات لەسەر ئەوەی ئەوەی هێرشیانی کردۆتە سەر هیچ پەیوەندییان بە هێرشەکانی کرمانەوە نەبووە، ئەو کردەوەی ئێران زیان بە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکەش دەگەیەنێت، ئەوە یەکجارە دەبینم عێراق و پارتە سیاسیەکانی نزیک لە ئێران دەیانەوێت ئەو پرسە ببەنە کۆمکاری عەرەبی.