کوردستان24 وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکاتەوە

هۆلی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان
هۆلی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان

 K24 – هەولێر:

دوای کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رێککەوتن لەسەر وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێککەوتوون لە نێوان (19 تاوەکو 31ـی ئایاری 2024) رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکەن.

رۆژی سێشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) شاندی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومێکی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.

رۆژی (10ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لە تایبەتمەندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بەپێی یاسا، بۆیە لە هەماهەنگیدا دەبین لەگەڵیان بۆ دیاریکردنی رۆژێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی (3ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کە رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دابینکردنی بودجەی پێویست بووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکان.

لە کۆبوونەوەی رۆژی 12ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023ـی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا به‌ گواستنه‌وه‌ی بڕی (43,769,149,000) دینار لە چوارچێوەی بودجەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و گواستنەوەی بڕی (25,460,851,000) دینار لە یەدەگی فریاگوزاری لە چوارچێوەی بودجەی ته‌رخانكراوی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بودجەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

رۆژی (27ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای فیدراڵی بۆ جاری حەوتەم بڕیاردانی لەبارەی ئەو دوو سکاڵایە دواخست بۆ رۆژی (21ـی کانوونی دووەمی 2024) لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، نوێنەری کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون و سکاڵاکانیش لەسەر ماددەکانی 1، 9، 15، 22 و 36 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان کە دژی ئەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان کەمبکرێتەوە یاخود دابەش بکرێت بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.