شرۆڤەکارێک: ئێران پاساو بۆ هێرشەکانی دەهێنێتەوە

K24 - هەولێر

نووسەر و شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند: ئێران پاساو بۆ هێرشەکانی دەهێنێتەوە ئەگەرنا ئێرانیش خۆی باوەڕی بە بوونی مۆساد نییە لە هەرێمی کوردستان.

شێروان شەمێرانی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "هێرشی ئەمجارە لە رابردوو جیاوازترە، ئەمجارە چەند هۆکارێکی تایبەتی هەن، کە یەکێکیان وەڵامدانەوەی ئێرانە بۆ ئەمەریکا و فشارخستنە سەر ئەمەریکایە بۆ ئەو بۆردوومانانەی ئەمەریکا کە هێزەچەکدارەکانی ئێران و حوسییەکانی بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا بۆردومانکرد کەمی بکاتەوە، وەک ئەوەی ئێران بیەوێت بڵێت بە ئەمەریکا، منیش بەشێوەیەک لە شێوەکان دەتوانم لە دۆستەکانی تۆ بدەم، یاخود ئەوانەی ئێران بە دۆستی ئەمەریکایان دەزانێت".

گوتیشی: "خاڵی دووەم؛ سنوور دانانێکە بۆ ترسێک، لەوانەیە ئێران بیەوێت ئەگەر فشارێک یاخود هێرشی ئەمەریکی یا ئیسرائیل کرایە سەر ئێران بۆ ئەوەی چواردەوری ئێرانەوە هیچ هێزێکی زەمینی نەجوڵێنرێت سەبارەت بە ئێران، بابەتی هەولێر ئەمەیە، پاکستانیش لێدانی ئەو گرووپەی کە لێی دەدرێت "گرووپی عەدل" لەناو زەوی پاکستان هەردەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە".

شێروان شەمێرانی دەشڵێت: "هەر وەک چۆن ئێستا تورکیا هەڵوێستی ئەرێنی هەیە، بەرامبەر بە غەززە و بەرامبەر بە فەڵەستین و هیچ فشارێک لەسەر ئیسرائیل دروست ناکات، یەکێک لە ترسەکانی ئەوەیە کە ئەمەریکییەکان پەکەکە بجوڵێنێت، گەر بێت و تورکیا تێکەڵاوی ئەو بارودۆخەی ئێستا بکەوێت، ئێران هەمان بۆ چوونە دەیەوێت سنوورێک بۆ ئەو حاڵەتەدا بنێت لەگەڵ فشار دروستکردنێک بۆ سەر ئێران، بەڵام لەوە زیاتر کە بوونی "مۆساد" بێت یاخود بنکە ئێرانییەکانیش خۆیان بڕوایان بەو بابەتە نییە ئەوە تەنیا پاساوە بۆ ئەو بیانووانەی کە دەیهێنێتەوە.

شەوی 15-16ـی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندارن، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.