باوکی کەڕەم لە ماڵەکەی شەهید پێشڕەو نزا بۆ گیانی شەهیدان دەکات

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

باوکی کەڕەم، ئەو بازرگانە کریستیانە عێراقییەی لە ماڵی  شەھید پێشڕەو دزەیی، لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران گیانی لەدەستدا، سەردانی خانووە مووشەکبارانکراوەکە دەکات و بەنێو داروبەردی پاشماوەی هێرشەکدا دەگەڕێت، دیمەنە کاریگەرەکان نەشەد میخایلی تاساندووە و بە دڵێکی پڕ لە خەم و حەسرەتەوە سەیرێکی نێو ئۆتۆمبیلە وێرانبووەکەی کوڕەکەی دەکات.

نەشەد میخایل، باوکی کەڕەم دەڵێ؛ "لەدەستدانیان خەسارەتێکی زۆر گەورەیە، کەسانی خاوەن کاری بەڕێزبوون، هیچ پەیوەندییەکیان بە سیاسەت و پارتە سیاسییەکانەوە نەبوو".

هاوشانی باوکی کەڕەم، ژمارەیەک مەتران و پیاوانی ئایینی کریستیان بۆ ئیدانە و نزاکردن سەردانی خانووە وێرانکراوەکەی شەھید پێشرەویان کرد، لە نزیکەوە پاشماوەی هێرشە مووشەکییەکانی دەبینن و ئیدانەی ھێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەکەن، کە خانووێکی نیشتەجێبوون و هاووڵاتییانی بە بیانووی بوونی بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی مووشەکباران کردووە.

خالید ئەلبێرت، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ؛ ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین، کە دژی هەموو بەها مرۆییەکانە و کارەساتێکی گەورەی دروستکردووە. هیودارین ئەو هێرشانە رابگیرێن و کارەساتی دیکە دووبارە نەبێتەوە".

کاتژمێر 11:30خولەکی شەوی 15ی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی لەو هەولێر ماڵی گەورە بازرگانی کورد، پێشڕەو دزەیی کردە ئامانج، بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهید و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە سەرجەمیان سڤیلن، لە کاردانەوەی ئەو هێرشە مووشەکییەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵای لە دژی ئێران تۆمارکرد و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش، قاسم ئەعرەجی، کە سەرۆکی لیژنە لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانە، دوای بەسەرکردنەوەی بریندارانی هێرشەکە و سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە، بانگەشەو پڕوپاگەندەکانی ئێران و سوپای پاسدارانی رەتکردەوەو رایگەیاند، ئەو شوێنەی مووشەکبارانکراوە ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە، نەل بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیل.