ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر داوای بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی دەکات

لۆگۆی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر
لۆگۆی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر

K24 – هەولێر:

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر داوا لە سەرجەم بازرگانان دەکات بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.

ئەمڕۆ هەینی (19ـی کانوونی دوومەی 2024) ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، رایگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، شەوی 15ى ئەم مانگە، لەئاکامى هێرش و پەلامار و موشەکبارانى زاڵمانەی هێزەکانی ئێران بۆ سەر شارى هەولێر، کە بەبێ هیچ پاساو و بنەمایەک خەڵكی سڤیل و بێتاوانیان لە شوێنى نیشتەجێبوون کردە ئامانج و بە داخەوە جگە لە شەهیدبوونى پێشڕەو دزەیی کە سەرمایەدارێکی ناودار و دیاری شارەکەمان و ئەندامێکی کارای ژوورەکەمان بوو، ژینەى تەمەن کەمتر لە یەک ساڵەى کچى و کەرەم میخائیل کە بازرگانێکى دیکەى دیارى عێراق بوو شەهید بوون و چەندین کەسى دیکە بێتاوان و ئەندامانی خانەوادەکەشى بریندار بوون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو هێرش و پەلامارانەى هێزەکانى ئێران کە چەندینجاری دیکەش بەبێ پاساو و بەبیانووی جۆراوجۆر و بە بێ گوێدانە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانى مافەکانی مرۆڤ کراونەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، مەبەست لێى تەنها شێواندن و تێکدانی ئەو ئاسایش و ئارامییە کە لە هەرێمی  کورستان بەرقەرارە.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، وێڕاى ئەوەى بە توندی سەرکۆنە و ئیدانە و شەرمەزاری ئەو پەلامار و هێرش و تاوان و زوڵمەی هێزەکانى ئێران دەکەن بۆ سەر خاکى نیشتیمان، داوا لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان بە گشتی دەکەن، ئەگەرچی هەرێمى کوردستان بەتایبەتى هەولێرى پایتەخت بازاڕێکی گرنگی ساغکرنەوەی بەرهەمەکانى ئێرانە کە رۆژانە هاوردەی کوردستان و عێراق دەکرێن، بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.