گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی کارگوزارە فلیپینیەکەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی بەردەوامە

بەسەرکردنەوەی تیمەکانی گەڕان بەدوای تەرمی کارگوزارە فیلیپینیەکەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی
بەسەرکردنەوەی تیمەکانی گەڕان بەدوای تەرمی کارگوزارە فیلیپینیەکەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی

K24-هەولێر:

تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ دۆزینەوەی تەرمی کارگوزارە فلیپینییەکی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی کە گومان دەکرێت لە هێرشی مووشە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران گیانی لەدەستدا بێت، لە گەڕان بەردەوامن.

ئەمڕۆ شەممە(20ی کانوونی دووەمی 2024)، بەپێی راگەیاندراوێکی پاریزگای هەولێر، هەریەک لە سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و، ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و، ئانۆ جەوهەر، وەزیرى گواستنەوە، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەردەوامى پڕۆسەى گەڕان و پشکنینی تیمەکانى بەرگرى شارستانى هەولێر بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو کارگوزارە فلیپینییەی کە لە هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی لە شاری هەولێر شەهید بوو، سەردانى شوێنى ڕووداوەکەیان کرد.

لە بەسەرکردنەوەکەدا، دەستخۆشیان لە تیمەكانى بەرگرى شارستانى هەولێر کرد کە ماوەى چەند ڕۆژێکە بەردوامن لە هەوڵدان و گەڕان بە دوای دۆزینەوەى تەرمی ئەو ئافرەتە فلیپینیەى کە لە شوێنی بۆردومانەكە گیانى لەدەستداوە و تاکو ئێستا تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە، بەهۆى خاپوور بوونى خانووەکەش، ئەرکی کارمەندانی بەرگریی شارستانی زیاتر قورسکردووە و بەوهۆیەشەوە 6 کارمەندى بەرگرى شارستانى بەسووکى برینداربوونە.

شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەى هەفتەى ڕابردوو، کاتژمێر 11:30 خولەکی شەو لەئەنجامى هێرش و پەلامارى سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر ، ماڵی سەرمایەدار و خاوەنی کۆمپانیای ئیمپایەر و گرووپی فاڵکۆن پێشڕەو دزەیی کرایە ئامانج کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا خۆی و کچێکی بەناوی ژینا، لەگەڵ  میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی شەهید بوون و خێزانی پێشڕەو دزەیی و دوو منداڵی دیکەشی بریندار بوون.