کاریگەرییە ئابوورییەکانی بایکۆت؛ دەرفەت و ئالنگارییەکان چین؟

Kurd24

بۆیکات یان بۆیکۆت (بە کوردی؛ بایکۆت) وەکو چەمک، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1880 لە ئێرلەندا بەهۆی ناکۆکی نێوان خاوەن زەوییە دەوڵەمەندەکان و ئەو خەڵکە ڕەنجبەرەی کە زەوییە کشتوکاڵییانەیان بەڕێوەدەبرد لە سەردەمی قەیرانی نان و برسێتی سەرچاوەی گرتووە. لەو سەردەمە بەهۆی نەخۆشی کەشوهەواوە پاشا بڕیاری لێخۆشبوونی 10%ی دەرکرد بۆ کرێی زەوییەکان بەڵام چینی ڕەنجبەر داوای داشکاندنی 25%یان کرد و پاشاش ڕازی نەبوو بەم داواکارییە.

لەو سەردەمەدا کەسێک بە ناوی "چارڵز بۆیکات" کە نوێنەرایەتی خاوەن زەویەکان و پاشای دەکرد و کرێی زەوییەکانی لە گوندنشینە ماندووەکانی وەردەگرت. چارلز بۆیکات دەستیکرد بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بە کرێدانی زەوییەکان و دەرکردنی جووتیارەکان کە ئەمەش دواتر ناڕەزایەتی ئەو چینە ماندوو و هەژارەی لێ کەوتەوە. چینی ڕەنجبەر و جوتیار کە زۆر تووڕە ببوون بە کردەوەکانی نوێنەری پاشا و خاوەن زەوییە یەغە سپییەکان، ڕێگەیەکی نوێیان تاقیکردەوە بۆ گوشارخستنە سەر چاڕڵز بایکۆت، ئەوە بوو بەیەکەوە بڕیاریان دا کە زەوییەکان بە جێ بهێڵن و چیتر لە زەوییەکاندا کشتوکاڵ نەکەن و چیتر کەس ئامادە نەبێت وەکو کرێکاریش لەم زەوییانەدا کار بکات. دۆخەکە ئەوەندە قورس لەسەر چارلز بایکۆت کەوت کە تەنانەت پۆستەچی ناوچەکەش چیتر نامەکانی بایکۆتی نەدەگەیاندە شوێنی مەبەست. هەرچەندە مێژووی بایکۆت وەکو وشە بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە بەڵام پەرەسەندنی کرداری بایکۆت وەکو هەڵوێستێکی دوور لە تووندووتیژی و یەکگرتووی گروپێک یاخود گەلێک مێژوویەکی دێرینتری هەیە. دوو نموونەی ناسراو و سەرکەوتووی بایکۆت هەن کە بوونەتە سەرمەشقی ئەو هەڵوێستە کۆمەڵایەتییە ئەوانیش بریتین لە؛ ڕێپێوانی خوێ  کە تێیدا هیندییەکان بە سەرکردایەتی ماهاتما گاندی لە 12ی ئازارەوە تاکو 5ی نیسانی ساڵی 19 وەکو هەڵمەتێکی ناڕازیبوون دژی بارگرانی باج و قۆرخکاری خوێ هەروەها ئەوەی تریان هەڵمەتی خەڵکی بۆستن بوو بە سەرکردایەتی ساموێڵ ئادامس و کۆمەڵەی "کوڕانی ئازادی" کە دواتر بە پارتی چای بۆستن ناوزەندکران و ڕۆڵی زۆر کاریگەریان هەبوو لە سەربەخۆیی ئەمریکا. نابێت لەبیربکرێت کە هەردوو بایکۆتە دژ بە کۆڵۆنیزمی ئینگلیزی بوون کە ئەو کاتە خاوەن قەڵەمڕۆیەک بوو کە هیچ کات خۆری تێدا ئاوا نەدەبوو!

بە واتایەکی سادەتر بایکۆت بریتی یە لە وەستاندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی یان بازرگانییەکان لەگەڵ کەسێک، گروپێک، یان نەتەوەیەک وەک جۆرێک لە تۆڵەسەندنەوە یان ناڕەزایەتی سیاسی. لە سەردەمی ئێستادا بایکۆت بەمانای کۆی هەوڵەکان دێت بۆ شکاندنی هەژموونی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری بۆ سزادانی کۆمپانیایەک یانیش چەند کۆمپانیایەکی وڵاتێکی دیاریکراو بە ئامانجی گەیشتن بە سەربەخۆیی.

ئێمەی نەتەوەی کوردیش، وەکو گەلێکی ئاشتیخواز هەردەم دژی هەڵگیرسانی جەنگ و توندوتیژی بووینە و هەردەم جەنگ دوا بژاردەمان بووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانمان لەگەڵ دراوسێیەکانمان، بۆیە وەکو زۆربەی گەلانی جیهان زۆرجار لە دژی داگیرکاری یاخود هەڕەشەی وڵاتێکی دیکە پەنامان بۆ ئەو هەڵوێستە ناتوندووتیژییە مەدەنییە بردووە. بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی هێز و توانای پێویستی پشت بەخۆبەستن و خۆبەخێوکردن، بایکۆتەکەمان تا سەر نەبووە و دوای ماوەیەک لەخۆوە بەرەو کاڵ بوونەوە و نەمان ڕۆیشتووە.

بەهۆی پێشێلکاری و هێرشە دڕندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خاکەکەمان و شەهیدکردنی هاوڵاتی سڤیل بە تایبەت منداڵی بێ تاوان، جارێکیتر وەکو چارەسەرێک یاخود باشترە بڵێین وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک لە بکەری ئەو هێرشە ناڕەوایانە، هەڵوێستی "بۆیکات-بایکۆت" بووەتە باسێکی گەرمی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیای کوردی.

بەر لە گرتنەبەری کردارەکە پێویستە لایەنە باش و خراپەکانی، دەرئەنجام و کاریگەرییەکانی لەبەرچاوبگیرێت و دەرفەت و ئاڵنگارییەکان کە بەهۆی بایکۆت کردنی بەرهەمەکانی وڵاتێک ڕووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە بە تەواوی شی بکرێنەوە. بۆیە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین بەشێوەیەکی کورت و پوخت لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بایکۆت و دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بخەینەڕوو.

کاریگەرییە ئابوورییەکان بۆ سەر وڵاتی بایکۆت کراو

بێگومان بایکۆت کردن کاریگەرییەکی نەرێنی و زیانێکی گەورەی ئابووری بۆ کارگەکانی ئەو وڵاتە دروست دەکات کە بایکۆت لە دژی ئەنجام دەدرێت و دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی بڕی فرۆشتنیان و لەدەستدانی بەشەبازاڕێکی گرنگ و جێهێشتنی پێگەکەیان لە بازاڕەکە بۆ بەرهەمی وڵاتانی تری ڕکابەر. ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر بڕی هەناردەی وڵاتی بایکۆت کراو دەرئەنجام دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی لێشاوی دراوی بیانی هاتوو بۆ نێوخۆی وڵات و لاسەنگ بوونی تەرازووی پێدان و ڕێگە کرانەوە بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری وەکو کەمبوونەوەی خواست و قەیرانی دارایی وەکو لەدەستدانی بەهای دراوی نیشتمانی ئەو وڵاتە. بۆیە کاریگەری و دەرئەنجامەکانی کرداری بایکۆت کردن قورسن و هیچ وڵاتێک نایەوێت ڕووبەڕووی هەڵوێستێکی لەو جۆرە ببێتەوە لەلایەن کۆمەڵگاکانی ترەوە بە تایبەت ئەگەر وڵاتی بایکۆتکەر دراوسێ و هاوسنوریی بێت. چونکە ئەنجامدانی چالاکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەرەکی لەگەڵ دراوسێیەکان هەردەم جێگای گرنگی وڵاتان بووە و پێشینەی وڵاتانی پیشەسازی و خاوەن هێزی هەناردە بووە، ئەمەش بەهۆی کەمی تێچووی گەیاندن و کەمی گومرگ بەهۆی هەماهەنگی و ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان ئەو وڵاتانەی کە هاوسنوری یەکترن.

بە تایبەت دۆخەکە گرنگییەکی زیاتری دەبێت بۆ وڵاتێکی وەکو ئێران کە خۆی چەندین ساڵە بەهۆی سزا دارایی و ئابوورییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە دووچاری کێشەی قوڵی دارایی و ئابووری بووەتەوە بەهۆی دابڕانی لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا. لە ئێستادا زیاتر لە هەمووکاتێک ئێران پێویستی بە دۆستایەتی وڵات و هەرێمەکانی هاوسنووریەتی. بۆیە دەکرێت بڵێین بڕیاری بۆیکت کردنی بەرهەمە ئێرانییەکان لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە کە بازاڕێکی سەرنج ڕاکێشە بۆ ئێران، زەبرێکی کوشندە بەر کارگەکانی و بڕی هەناردەکەی دەکەوێت. چونکە ئێران ساڵانە لە تێکڕای هەناردە 50 ملیار دۆلارەکەیدا 22%ی بۆ عێراق دەنێرێت و لەم ڕێژەیەش 5%ی بەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت. لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا بە بڕی مانگانەی 700ملیۆن دۆلار بەشێوەی فەرمی کاڵای ئێرانی هەناردەی عێراق کراوە و کە دەکاتە 7 ملیار دۆلار هەناردە لە ماوەی 10مانگدا.

کاریگەری لەسەر کوردستان و ئالنگارییەکانی بەردەم بازاڕەکانی هەرێم

سەرکەوتنی ئەم بڕیارە و گەیشتن بە دەرئەنجامە بەئامانج گیراوەکان پێش هەمووشتێک پێویستی کۆدەنگی و یەک هەڵوێستی گشت هاوڵاتیان و بازرگانان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان هەیە هەروەها پێویستە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامی پێ بدرێت ئەگینا وەکو پێویست کاریگەری دروست ناکات.

جگە لە زیانی بایکۆت بۆ وڵاتی بە ئامانجگیراو، ئەگەر وڵاتی ئەنجامدەر توانای دۆزینەوەی کاڵا و خزمەتگوزاری جێگیرەوەی نەبێت یاخود سێکتەری پیشەسازی و بەرهەمهێنانی نێوخۆیی توانای وەڵامدانەوەی خواستی نێوخۆی نەبێت لە کاتی گونجاو و بە نرخی گونجاو، بێگومان ئەوکاتە وڵاتی ئەنجامدەریش بێ بەش نابێت لەم زیانانە. بۆ نمونە گەر فاکتەری "نرخ" وەکو پێوەر وەربگرین؛ هەرزانی نرخی کەل و پەلی ئێرانی، وڵاتانی تری ڕکابەری ناچار کردووە کە لە کاتی نرخ دانان دا ڕەچاوی توانای ڕکابەری کاڵای ئێرانی بکەن و نرخەکانیان نزیک بکەنەوە لە هی ڕکابەرەکانیان. بە نەهاتنی بەرهەمی ئێرانی ئەوکاتە هەلێک بۆ بەرهەمهێنەران و بازرگانانی بەرهەمی جێگرەوە دەڕەخسێت کە وایان لێ دەکات ئازادبن لە دیاری کردنی نرخ و ئەوکاتە مەترسی سەرهەڵدانی گرانی دێتە ئاراوە، لەم دۆخەشا چینی مووچەخۆر و چینی ناوەڕاست و خوارووی کۆمەڵگا زیانمەندی سەرەکی دەبن. ئەمە جگە لەوەی کە هێنانی بەرهەمی داواکراو لە وڵاتێکی تری وەکو نمونە؛ ئیماڕات، میسڕ، ئوردن..هتد بەهۆی دووری ئەو وڵاتانە لە هەرێمی کوردستانەوە لەچاو ئێران و بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەری تریشەوە تێچووی گواستنەوە و هێنانەوەی بەرهەمەکان بەرزدەبێتەوە هەم دیسان دەبێتە هۆی گرانبوونی پێداوسیتییەکان لە چاو بەرهەمی ئێرانی.

لایەنە ئەرێنییەکانی بایکۆت و ئەو دەرفەتانەی دێنە ئاراوە

بە بایکۆت کردنی کاڵای هاوردەکراو، دەرفەتێکی گونجاو وباش بۆ گەشەپێدان بە گشت سێکتەرەکان بەتایبەتیش سێکتەری پیشەسازی دێتە ئاراوە کە پێویستی بە هاندانی حکومەت و دەستپێشخەری سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی کوردستان هەیە تاکو هەوڵی دامەزراندنی کارگەی جۆراوجۆر بدەن لە نێوسنووری هەرێمی کوردستان ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانن خواستی ناوخۆیی بۆ بەرهەمەکان پڕ بکەنەوە لە هەنگاوی یەکەمدا ئینجا دەرفەتێکیان بۆ دروست دەبێت تاکو لە هەنگاوی دووەمدا بڕی بەرهەمهێنانیان زیاد بکەن و ئامانجی فراوانتر دیاری بکەن و هەوڵی هەناردەکردنی بەربوومی دروستکراوی کوردستان بدەن بۆ بازاڕەکانی خوارووی عێراق و وڵاتانی کەنداو و بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی تر. بەمەش هەم خۆیان ڕێژەی فرۆشتنیان بەرز دەبێتەوە و قازانجێکی زیاتر بەدەست دێنن هەمیش بۆ خێراتر و زیاتر کردنی بڕی بەرهەمەکانیان پێویستیان بە دەستی کاری زیاتر و پسپۆڕی جۆراوجۆری وەکو ئەندازیاریی، تەندروستی،کارگێڕی، دارایی و ژمێریاری و بەبازاڕخستن و...هتد دەرئەنجام دەبێتە هۆی ڕەخسانی هەلیکار بۆ دامەزراندنی سەدان هەزار گەنج. سەرئەنجام هەم ڕێژەی بێکاری کەم دەبێتەوە هەمیش بە شانازییەوە بەرهەمێک دەگاتە دەست بەکارهێنەران کە لەسەری نووسرابێت (Made in Kurdistan- دروستکراوی کوردستانی ئازیزە)  هەمش چیتر دۆلار و دراوی بیانی ناڕژێتە بازاڕەبیانییەکان. ئەمە جگە لە سوودەکانی سەپاندنی باج و ڕسومات و سەرهەڵدانی پێداویستی بۆ بیمەی دڵنیای سەر ژیان و تەندروستی کرێکار و کارمەندان بۆ حکومەت. ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێک بۆ پێداچوونەوە بە یاسای خانەنشینی و گرتنەوەی کارمەندانی کەرتی تایبەت و بنیاتنانی سیستەمی خانەنشینی زۆرەملێ و ئارەزوومەندانە.

واتە گەر بیر لە بایکۆتکردنی بەربوومی ئێرانی بکرێتەوە، یەکەمجار بەر لەوەی بەدوای دۆزینەوەی بەرهەمی وڵاتێکی تر وەکو جێگرەوەی بەرهەمی ئێرانی دا بگەڕێین، پێویستە سەرنج بخرێتە سەر هەڵسەنگاندنی دەرفەتەکانی دروستکردنی کارگە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان تاکو چیتر ئەو لێشاوە بەرزەی سەرمایە لە هەرێمەوە نەچێتە دەرەوەی وڵات. چونکە کە بۆ پڕکردنەوەی داواکری نێوخۆیی پشت بە هاوردە ببەسترێت ئەوکاتە بە هەموو ئەگەر و بژاردەکانیشەوە هەر لاسەنگی لە تەرازووی پێدان دروست دەبێت و لەهەموو بارودۆخەکاندا لە کاتی پشت بەستن بە هاوردە ئێمە زیان دەکەین.

خاڵێکی تریش کە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بایکۆت تەنها بۆ کاڵا و بەربوومی کشتوکاڵی و خۆراکی و پیشەسازی بە تەنها کار ناکات لە هەمان کاتیشدا پێویستە بایکۆت فرەڕەهەند بێت و لایەنەکانی تەندروستی، گەشتیاری...هتد بگرێتەوە. واتە لەپاڵ سێکتەری پیشەسازی پێویستە سێکتەری گەشتیاری و تەندروستیش بەئامانج بگیرێت. ئەمەش دەکرێت بە بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری هەرێم و بەرەوپێشبردنی ئاست و کوالێتی دەرمان و نەخۆشخانەکانی هەرێم ئەنجام بدرێت کە چیتر خەڵکی بۆ گەشتیاری و بۆمەبەستی چارەسەری پزیشکی ناچار نەبن ڕوو بکەنە وڵاتانی بیانی. چونکە ئاشکرایە کە لەم کەناڵانەشەوە بڕێکی زۆری سەرمایە دەچێتەوە دەرەوەی وڵات.

واتە هەم لە ڕووی پیشەسازییەوە هەم لەڕووی گەشتیاری و هەمیش لە ڕووی تەندروستیشەوە دەرفەتێکی باش دێتە ئاراوە ئەگەر بتوانرێت لەلایەن بازرگانان و سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانەوە بەباشی هەڵبسەنگێنرێت و بقۆزرێتەوە، ئەگینا زیانی بایکۆت دەرئەنجامی وەکو؛ گرانبوونی کاڵاکان، دەرفەتی قۆرخکاری، زیاتر چوونەدەرەوەی پارە بۆ وڵاتانی تری لێ بەدی دێت.

لەگەڵ دەست بەکار بوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی کە دروست بوون بەهۆی قەیرانی دارایی و سیاسی و ڤایرۆسی کۆڕۆناوە. بەلام لەژێر سەرپەرشتیاری سەرۆک وەزیرانەوە ژمارەیەکی زۆر لە کارگەی بچوک و گەورە دامەزرێنراون کە بە دابینکردنی تەکنۆلۆژیای سەردەمیانە و پاڵپشتی یەوە دەکرێت ببنە داینامۆی هەڵسوڕاندنی ئابووری هەرێمی کوردستان و ڕزگاربوون لە قەیرانەکان. شایەنی باسە لە ئێستادا زیاتر لە 1800 کارگەی پیشەسازی لە هەولێر، نزیکەی 480 کارگەی پیشەسازی لە دهۆک و نزیکەی 800 کارگەی پیشەسازی لە سلێمانی لە تۆماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەپێدانی پیشەسازی هەرێم تۆمارکراون.

جگە لە وەبەرهێنەر و بازرگانانی نێوخۆیی، وڵات پێویستی بە وەبەرهێنەر و سەرمایەی بیانیش هەیە تاکو بێن و سەرمایە و ئەزموون و تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەکانیان بێنن لە هەرێمی کوردستان وەگەڕبخەن. بە بەشداریکردنیان لە کۆڕبەندی ئابووری داڤووس بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ کوردستانی داوە هەروەها بەڕێزیان گرنگی هێنانی تەکنۆلۆژیا و ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوون بۆ گۆڕانکاری کردن لە هەریەکە لە کەرتەکانی پێسەسازی، دارای و بانکی و کشتوکاڵی هەرێم و دەستەبەرکردنی نوێگەری لەم بوارانەدا دووپات کردۆتەوە. ئەمەش بە ئامانجی بنیاتنان و مسۆگەرکردنی بناغەیەکی پتەو و ڕێ خۆشکەر بۆ بەدیهێنانی وەرچەرخان بۆ ئابووری کوردستان.