بۆرێل: لە هێرشەکەی سەر هەولێر هاووڵاتییەکی ئەوروپی کوژراوە

جۆزێف بۆرێل
جۆزێف بۆرێل

K24 - هەولێر

جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆیی لە پەرە سەندنی ئاڵۆزیی و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند و دەڵێ، لە هێرشە مووشەکییەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر هەولێر یەكێک لە قوربانییەکان منداڵێک بوو، کە هاووڵاتیی ئەوروپایە.

ئەمڕۆ دووشەممە(22ی کانوونی دووەمی 2024)، ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و، وەزیرانی دەرەوەی شانشینی سعودی و ئەردەن، میسر و ئیسرائیل بەرێوەچوو.

لە پەراوێزی ئەو کۆبوونەوەیەدا، جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، نیگەرانییەکانی خۆی نیشاندا لە پەرەسەندنی شەڕ بۆ ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش هەرێمی کوردستان، ئەو هێرشانەی کە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە تێک دەدەن.

جۆزێف بۆرێل ئاماژەی بە شەهیدکردنی ژینا پێشڕەو دزەیی کرد لە هێرشی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر شاری هەولێر، بۆرێل داوای وەستاندنی ئەو هێرشانەی کرد.

بەپێی زانیاریی میدیاکان، کۆبوونەوەکە تایبەت کراوە بە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، لەگەڵ جەنگی حەماس و ئیسرائیل، لەتەک ئەو ئاڵۆز و ململانێ جیهانیانە، پرسی هێرشی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆسەر هەرێمی کوردستان خرایە نێو گفتوگۆکان.