کۆتایی بە پڕۆسەی گەڕان و پشکنین لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی هێندرا

کۆتایی بە پڕۆسەی گەڕان و پشکنین لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی هێندرا
کۆتایی بە پڕۆسەی گەڕان و پشکنین لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی هێندرا

K24 - هەولێر

کۆتایی بە پڕۆسەی گەڕان و پشکنین لە ماڵی شەهید پێشرەو دزەیی هێندرا و تەرمی کارگوزارە فلیپینییەکە نەدۆزرایەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23-01-2024، کاروان عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، رایگەیاند، "دوای زیاتر لە هەفتەیەک کارکردن؛ پڕۆسەی پشکنین و گەڕان بۆ دۆزینەوە تەرمی کارگوزارە فیلیپینییەکە (میشێل) کۆتایی هات. بەداخەوە تەرمەکەی نەدۆزرایەوە و چارەنووسی نادیارە".

هاوکات عەقید کۆچەر عەبدوڵڵا لە بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "لەماوەی ئەم هەفتەیەدا تەنها چەند پارچەیەکی بچووکی جەستەی کەسێکمان دۆزیوتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی هەولێرمان کردووە بۆ ئەوەی بەراورد بکرێن لەگەڵ جەستەی قوربانیانی دیکەی بۆردوومانەکە".  

بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر؛ لە سەرەتای هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 300 کارمەندی بەرگریی شارستانیی هەولێر بەشدارییان لە پڕۆسەی گەڕان و پشکنیندا کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".

عەباس زاملی ئاماژەی بەوەش کرد، "هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە. ئەگەر بەڕاست بنکەیەکی سیخوڕی هەر وڵاتێک لەنێو هەرێمی کوردستان هەبووبێت؛ ئێران دەیتوانی لە رێگەی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بە گفتوگۆ ئەو بابەتە چارەسەربکات، نەک هێرشی مووشکەی بکاتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیل".

هاوکات رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئەو شوێنەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج "شوێنێکی سڤیلە و خانووی سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو و بەڕێزی شاری هەولێرە. ماوەی چەندین ساڵ بوو خێزانەکەی تێیدا دەژیان و، هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسە سیاسی و سەربازییەکانەوە نەبووە. هەموو ئەو بیانوویانەی باسدەکرێن، بێ بنەمان".