بە بەشداریی هەزاران کەس خۆپیشاندان لە شێخان بەردەوامە

بە بەشداریی هەزاران کەس خۆپیشاندان لە شێخان بەردەوامە
بە بەشداریی هەزاران کەس خۆپیشاندان لە شێخان بەردەوامە

K24 - هەولێر

هاووڵاتییانی شێخان هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024، خۆپیشاندەرێکی شێخان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە وەکو دانیشتوانی شێخان بە کۆماری ئیسلامی ئێران را دەگەیەنین، ئێمەی کورد بە هێرشەکانی ئەوان ناترسین، ئێمە میللەتێکی ئاشتیخوازین و شەڕخوا نەبووین، هەر هێرشێک کە هاتووەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، ئێمە بەرگریمان کردووە، ئێران ستەمکارە، بیانوو بۆ کردەوەکانی دەهێنێتەوە بەرامبەر ئەو هێرشەی کە کردوویەتی، ئێمە میللەتێکین سەدان ساڵە دۆزێکمان هەیە ئاشتیخوازین و نەبووینەتە کێشە بۆ هیچ کەس و لایەنێک. 

خۆپیشاندەرێک بە کوردستان24 گوت: "دەمانەوێت پەیاممان بگاتە هەموو دوژمنی کوردستان، بەتایبەت پاسدارانی ئێران، ئێمە خوێنێکی زۆرمان رشتووە و ئامادەین خوێنی زیاتر بڕژین و دەستبەرداری خاکی خۆمان نابین، ئێمە میللەتێکی ئاشتیخوازین ئەگەر ئەوان شەڕیان دەوێت، ئێمەش تۆلەی خۆمان دەکەینەوە وەک هەر ئامانجێکی دیکەی خۆمان".

خۆپیشاندەرێکی دیکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ ئێمە لێرە ئامادەین بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە ناپاکی و ترسنۆک و نارەوایەی ئێران، کە کرایە سەر هەولێری پایتەختی کوردستان، ئێمە ئەو هێرشە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، ئەمڕۆ وەک پێکهاتەکانی قەزای شێخان هاتووین بۆ خۆپیشاندان.

دوێنێ سێشەممە، 23-01-2024، بە بەشداری ھەزاران کەس لە چین و توێژە جیاوازەکان، لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین لەگەڵ زانکۆی سۆران، دژی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. هەر لەو گردبوونەوەیەدا سەرکۆنەی هێرش و دەستدرێژی وڵاتانێ دراوسێ بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان بەرێوە دەچێت.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.